بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی لە پەیامەكەیدا رای گەیاند: "پێشوازی لە کردنەوە و دەستبەکاربوونی یەکەم پۆرتاڵی تایبەت بە سیستمی ئەلیکترۆنیی گرێبەستە گشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە تەندەرە گشتییەکان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کارابوونی زیاتری دارایی گشتی و پشتگیری لە سەرهەڵدانی بزنسی بچووک و مامناوەند دەکات و برەو بە پیشەسازیی نوێ دەدات و سەرەنجام جێبەجێکردنی چاکسازییەکانمان خێرا دەکات."
هاوكات خۆشحاڵیی خۆی لەوە دەربڕیوە كە وەزارەتی پلاندانان لە ئێستاوە دەستی کردووە بە نوێکردنەوەی ڕێنماییەکانی تەندەرە گشتییەکان و هەروەها ڕاھێنانی بە بەڵێندەران کردووە بۆ شارەزابوون لە بەکارهێنانی پۆرتاڵی نوێ و لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەم سیستەمە لە گشت وەزارەتەکانی حکوومەتدا جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەم بۆنەیەوە، دەستخۆشی لە وەزیرێكی پشكی یەكێتی كردووە و رای گەیاندووە: "دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینم بۆ ماندووبوونی وەزیری پلاندانان بەڕێز دارا ڕەشید و تیمەکەی هەیە بۆ سەرخستن و بەردەوام بوون لە پڕۆژەکە، سەرەڕای ماوەیەک وەستان بەھۆی پەتای کۆڤیدەوە".
Your Comment