حکوومەتی تورکیا دەیەوێت زەمینە بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ناوچەکانمان ئامادە بکات

بەشی سووریا- ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتی تورکیا کە هێزەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک بەرپرسیاری تەقینەوەکەی گۆڕەپانی تەقسیمی ئەستەنبوڵ لە قەڵەم دەدەن، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی راگەیەندراوەکەی پەیەدە بەم شێوەیەیە:

"بەرلە هەموو شتێک ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین کە لە گۆڕەپانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ دژی خەڵکی سڤیل ئەنجام درا و بە کردەوەیەکی تاوانکاری بەرامبەر خەڵکی بێتاوان دەیبینین".

دەوڵەتی تورکیا کە ڕۆژانە خەڵکی سڤیل و منداڵ و ژن و بەساڵاچووان، لە ناوچەکەمان لەبەرچاوی جیهان دەکوژێت، دەیەوێت بە ئەنقەست بەرپرسیارێتی ئەو کارە دڕندانەیە بخاتە سەر شانی هێزەکانمان و پەنجەی تاوانباری بۆ ئێمە رادەکێشێت، بۆ ئەوەی هێرشەکانی بەم شێوەیە ئەنجام بدات، پاساو دەهێنێتەوە.

هەروەها دەیەوێت زەمینە بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ناوچەکانمان ئامادە بکات. ئەوەی میدیای دەوڵەتی تورکیا بڵاوی دەکاتەوە، یارییەکە لەلایەن میتی تورکەوە دروستکراوە، ئامانجی یاریەکە ناشرین کردنی وێنای هێزەکانی سووریای دیموکراتە، کە بەهێزترین ڕێکخراوی تیرۆریستی توندڕەوی جیهانی تێکشکاند.

مەبەست لەم کردەوەیە لەلایەن میتی تورکەوە؛ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی جیهان، پاساوهێنانەوەیە بۆ هەوڵێکی نویێ داگیرکەر. ئەم جۆرە هەوڵانە تازە نین، چوونکە دەوڵەتی تورک زۆر جار تاوانی دژی گەل و هێزە دیموکراسیەکانی تورک ئەنجام داوە.

داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین نەکەونە ناو ئەم تەڵە قێزەونەی دەوڵەتی تورک. چوونکە حکوومەتی تورک شەڕێکی تایبەت بۆ پەردەپۆش کردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی ئازادیخوازان و تاوانەکانی بەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەدەبات.

هەروەها داوا لە خەڵکی تورکیا دەکەین کە لە بەرانبەر بانگەشە درۆییەکانی میتی تورک هوشیار بن و باوەڕ بە درۆکانی نەکەن. وەک گەل دەبێت یەکڕیز بین لە دژی فاشیزمی حکوومەتی باخچەلی و ئەردۆغان، چوونکە ئەوان دەیانەوێت دوژمنایەتی لەنێوان گەلاندا دروست بکرێت. بۆیەش دەبێت پێکەوە لە دژی شەڕی تایبەت و دەروونی دەوڵەتی تورکیا بوەستین.

جارێکی تر ئەم کردەوە دڕندەیەیە شەرمەزار دەکەین و لە خوای گەورە داواکارین سەبوری بە کەسوکاری قوربانیان بدات. هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

News Code 7285

Your Comment

You are replying to: .
captcha