بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمیانی بەشداری کردنی لە دیبەیتێکی ئۆنڵاینی پەیمانگەی واشنتن تایبەت بە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، رۆب وۆلەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، ئەمریکا رۆڵێکی کارای گێڕا لە نزیک کردن و زیاتر کردنی هاوئاهەنگییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نەک تەنیا لە بواری پەرەپێدانی کەرتی غاز و سەرچاوەکانی وزە، بەڵکوو لە نزیک کردنەوەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وۆلەر رایگەیاند، بەرەوپێشچوونێک لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گۆڕان هەیە، خواستێکی بەهێزیش هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە خزمەت نەک تەنیا بەو دوو پارتە بگەیەنێت بەڵکوو بە هەموو کوردستان، گوتیشی: "ئەمریکا لە پشت پەردەوە بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی ئەرێنی لە نزیک کردن و پێکەوە کارکردنی نێوان هەردوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان و پارتەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە".
وۆلەر راشیگەیاند، مێژووی چەند دەیەی رابردوو ئەو راستییەی سەلماندووە کە هەر کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکدی نزیک بووبن کاریگەریی بەهێزتریان هەبووە و دەرهاوێشتەی ئەرێنی ئەو لەیەک نزیک بوونەوە لەسەر کوردستان جێهێشتووە، بەڵام بە گوتەی وۆلەر هەر کاتێک پارتی و یەکێتی ناکۆک بووبن ئەوا کاریگەریی سیاسییان بەتایبەتی لە ئاست حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کەمتر بووە.
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی رێکخستنی دیبەتی ئۆنلاین تایبەت بە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، سازدانی ئەمجۆرە دیبەیتانە رێگە بە بازرگان و وەبەرهێنەرانی کەرتی وزەی ئەمریکا دەدات بەباشی لە دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی کارکردن لە هەرێمی کوردستان تێبگەن.
رۆب وۆلەر راشیگەیاند: هەرێمی کوردستان یەدەگی گەورەی سەلمێندراوی نەوتی هەیە کە زیاتر لە 45 ملیار بەرمیلە، هەروەها ترلیۆنان مەتر سێجا لە غازی سرووشتی هەیە، ئەو دوو سامانە لەنێو هەرێمێک کە ژمارەی دانیشتووانی لە سەرووی 5 ملیۆن کەسن، وای لێدەکات ببێتە شوێنێکی یەکجار ئەرێنی و بەسوود بۆ کارکردن و وەبەرهێنان.
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا رایگەیاند، پەیامی ئێمە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئەوە بووە هەتا ئەوان کاری زیاتر بۆ لەبارخستنی ژینگەیێکی ئەرێنیی دادوەرانە بۆ کار و بازرگانی بکەن، هەتا وەبەرهێنانی زیاتر روو دەکاتە هەرێمەکەیان.
رۆب وۆلەر سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هەنگاوانەی کە لە ئاست کۆمپانیاکانی ئەمریکای ناون و بوونەهۆی سەرکەوتنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "بەگەڕخستنی سەرچاوەی زیاتری غاز، توانای وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن و بەوەش کێشەی کارەبا تاوەکوو رادەیێکی زۆر چارەسەر دەبێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment