بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیاکانی پارتی بڵاویان کردەوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە وەهاب هەڵەبجەیی بەرێوەبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە ئەفسەر و کارماندانی دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی بە فەرمی لە ئەنجومەنەکە دەربکرێن و هیچ پەیوەندیەکیان بە ئەنجومەنەکەوە نەمێنێت.
شارپرێس بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە، پەیوەندی بە چەند سەرچاوەیەکی باڵای نێو یەکێتیەوە کرد و پشتڕاستی ئەوەیان کردەوە، کە بریارێکی لەوجۆرە دراوە و هەڵویستی فەرمی یەکێتیش ئەوەیە، کە تاوتوێی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئەو بڕیارە بڵاوبکرێتەوە و جیبەجێبکرێت، بە فەرمی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە و هەڵویستی جدیان لەوبارەیەوە دەبێت.
سەبارەت بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەهاب هەڵەبجەیی و ئەفسەرەکانی تری دژتیرۆر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە شارپرێسی ڕاگەیاند، هیچ بڕیارێکی لەوشێوەیە جێبەجێ ناکەن و بە هێچ شێوەیەک ئامادە نین ئەو فەرماندانەیان ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایش بکەن و ئەگەر داوایەکی لەو شێوەیان ئاراستە بکرێت، هەڵویستی توندیان دەبێت و ئەوە جێی قبوڵکردن نییە.
ڕۆژی 7 ئەم مانگە، لە شاری هەولێر لە تەقینەوەیەکدا هاوکاری عەقید هاوکار جاف کوژراو و چەن ڕۆژێک دوای ڕووداوەكە، ئەنجومەنی ئاسایش دانپێدانانی ژمارەیەک کەسی بڵاوکردەوە، کە خۆیان وەک کارمەندی دژەتیرۆر ناساند و ئاماژەیان بەوەکرد کە لەسەر فەرمانی وەهاب هەڵەبجەیی هەستاون بە کوشتنی هاوکار جاف، دەزگای دژەتیرۆریش هەرزوو وەڵامی ئەو دانپێدانانانەی دایەوە و ڕایگەیاند، سەرلەبەری کارەکە سیناریۆیە و هیچ پەیوەندی بە وەهاب هەڵەبجەیی و دژەتیرۆرەوە نییە.
Your Comment