بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەوتەی سەرچاوەکانی کوردستانی سووریا، دەیان زیندانیکراو و ڕفێنراوی کورد، کە ژن و منداڵیشیان لەناودایە، توانیویانە لەزیندانی (معراتە)ى شاری عەفرین کە لەژێر دەستی میلیشیاکانی سەر بەسوپای بەناو "سوپای نیشتیمانی سووری"دا بووە، خۆیان دەرباز بکەن.
گرتووخانەی معراتە پێشتر لەژێر دەستی میلیشیای فیرقەی حەمزەدا بوو، سەدان هاوڵاتی ڕفێنراوی خەڵکی ناوچەکەی تێدا زیندانی کرابوو، بەگوێرەی بەڵگەی ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ، یەکێک بووە لەهەرە خراپترین زیندانەکانی سووریا کە دەیان هاوڵاتی تێیدا لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە.
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردوە، لەشاری "باب"ی سەر بەگوندەواری ڕۆژئاوای حەلەبیش، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی گرووپە سوورییەکانی سەر بە ئەنقەرە، دەیان زیندانیکراوی دیکە توانیویانە لەیەکێک لە زیندانییە نهێنییەکان خۆیان دەرباز بکەن کە گومان دەکرێت زیندانەکە گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەو زیندانیانەی تێدابێت کە لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.
ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤیش ئاشکرای کردوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تەنها لەناوچەی عەفرین نزیکەی 615 کەس دەستگیرکراون کە 24 منداڵ و 35 ژن و 351 دەستگیرکراویشیان نەخۆشبون، تەنانەت باری تەندروستیی 265 کەسیان زۆر خراپبوەو پێیویستییان بەچارەسەری پزیشکیی خێرا هەبووە
Your Comment