بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سۆران جەمال تاهر، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری "نیو عەرەب" ڕایگەیاندووە، ئامانجی دوو لایەنی کوردستانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەشداری کردن لە هاوپەیمانی نوێ کە ڕەوتە شیعە و سونە و کوردەکان پێکەوە پێکیانهێناوە؛ بەدەست هێنانی مافی یاسایی کوردەکانە لە حکوومەتی دابێی عێراق.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئامانج لە بەشداری کردنی یەکێتی نیشتمانی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا، بەدیهێنانی تەواوی مافەکانی کورد و هەرێمی کوردستانی عێراقە، کە جێبەجێ کردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان و پێدانی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق.
ئەم بەرپرسە باڵایەی یەکێتیی نیشتمانی جەختی لەوە کردەوە کە کورد دەیەوێت لە هەندێک ناوچەی وەک کەرکووک تەعریب بوەستێنێت، یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان دەربکرێت، هەروەها هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هێزی بەرگری لە عێراق مووچەی خۆی لە حکوومەتی ناوەندی وەربگرێت.
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوی سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراقە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق تاکە کاندیدی حزبەکەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هیوایشی خواست پەرلەمانتارانی عێراق بەتایبەت نوێنەرانی کورد دەنگی پێ بدەن.
Your Comment