بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە دیدارێكدا لەگەڵ ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە، ستایشی خزمەتەكانی میللەتی ئێران و كۆماری ئیسلامیی بۆ خەڵكی هەڵەبجە كرد.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: لە كاتی تاوانی سەدامدا ئەگەر یارمەتی گەلی ئێران نەبوایە، ئەم کارەساتە دەیتوانی قوربانیی زیاتری لەناو خەڵکی هەڵەبجەدا لێبکەوێتەوە.
ئازاد تەوفێق جەختی کردەوە: "ئەوان هەرگیز ئەم فیداکارییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەلی ئێران لەبیر ناکەن".
ناوبراو ئامادەیی پارێزگای هەڵەبجەی ڕاگەیاند بۆ کردنەوەی بازاڕی سنووریی "ملە خورد" و دەشڵێت: بواری بەرفراوان هەیە بۆ کاری فەرهەنگی و ئابووری و بازرگانی، بە تایبەتی لە نێوان پارێزگای هەڵەبجە و شاری سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستان.
گەشەپێدان بە پەیوەندییە ڕۆشنبیری و ئابوورییەکانی نێوان سنە و هەڵەبجەی
لای خۆیەوە پارێزگاری کوردستان، لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە مەبەستی پشکنینی ژێرخانەکان و ئامادە کردنی پێداویستییەکان بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی ئەربەعین لە سنووری باشماقەوە بەڕێوەچوو، ئاماژەی بە کیمیابارانی سەدام و ڕژێمی بەعس کرد بۆ سەر خەڵکی چەوساوەی هەڵەبجە و ڕایگەیاند: تاڵیی ئەم کارەساتە دڕندانەیە هەرگیز لە بیری خەڵکی ئێران ناسڕێتەوە و گەل و میدیاکانمان هەموو ساڵێک لە ساڵیادی ئەم تاوانە گەورەیەدا ئەو زوڵم و زۆردارییە بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا هات دێننەوە بیر.
ئیسماعیل زارعی کووشا جەختی لە هاوبەشییە کولتوورییە قووڵەکانی نێوان خەڵکی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە باسیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و رۆشنبیرییەکان کرد.
ناوبراو ئاماژەی دا بە توێژینەوە تەکنیکیەکان بۆ کردنەوەی بازاڕی "ملە خورد" و وتی کردنەوەی بازاڕە سنوورییەکان دەبێتە هۆی بووژانەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان.
هەروەها باسی لە هاتووچۆی زیارەتکارانی ئەربەعین کرد لە مەرزی باشماخەوە کە بۆ یەکەمجارە و ئەوەشی بە فاکتەرێکی گرنگ لە پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای کوردستان و ناوچەکە هەڵسەنگاند.
Your Comment