بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی نیوعەرەب، بڵاوی کردۆتەوە: مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا ڕایگەیاندووە، تورگوت ئۆزال، سەرۆکی پێشووی تورکیا، لە نەوەدەکان و دوای شەڕی کەنداوی فارس، پێشنیاری لکاندنی هەرێمی کوردستانی عێراقی بە تورکیاوە کردووە.
بەڵام پرۆفیسۆر گۆنێش مەرات تێزکور، مامۆستا لە زانکۆی فلۆریدای ناوەڕاست لەبەشی کورسی جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی کۆچکردووی عێراق و سەرۆکی پێشووی حیزبی کوردی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، پێیوایە لێدوانێکی لەو شێوەیە نەیتوانیوە ببێتە واقیع و ناتوانرێت ئێستاش بەدی بهێنرێت، هەرچەندە لە گوتاری سیاسی تورکیادا لکاندنی پارێزگای موسڵی عێراق بە تورکیا زۆر دەبیسترێت.
ناوبراو بە نیوعەرەبی ڕاگەیاندووە، تا گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیاسەتی جیهانیدا ڕوونەدات تورکیا نە خواستی هەیە و نە توانای داگیرکردنی هەرێمی کوردستانی هەیە.
ئەم توێژەرە سیاسییە وەبیری هێنایەوە کە ژمارەی زۆری دانیشتوانی تورکمان لە هەولێر و کەرکوک هانی هەندێک لە سیاسەتمەدارانی تورکیای داوە بۆ ئەوەی بیر لە لکاندنی هەرێمی کوردستانی عێراق بە تورکیاوە بکەن، بەڵام ئەم پرسە بەدی نایەت.
Your Comment