پشتگیریی ئەمریکا لە کوردەکانی سووریا کاتی و تەکتیکییە

بەشی جیهان- بەرپرسانی ئەمریکی بە گۆڤاری پۆلیتیکۆیان گوتووە: ئامادەبوونی 900 چەکداری ئەمریکا لە سووریا تەنها بۆ پشتگیریی کوردەکان بووە بۆ شەڕی داعش و بڕیار وا نییە تا هەتایە ئەو هێزانە لە سووریا بمێننەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە حاڵێکدا کە کوردەکانی سووریا ڕووبەڕووی مەترسیی زیاتر دەبنەوە لە لایەن تورکیاوە و ئەنقەرە هەڕەشەی لە ناوبردنی قەوارەی بەڕێوەبەریی خۆسەری کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە، ئەمریکا وەک هاوپەیمانی سەرەکیی کوردەکانی سووریا هۆشداری داوە کە بڕیار نییە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ هەتاهەتایە پشتگیری لە هێزە کوردەکانی سووریا بکەن.

یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی جۆ بایدن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە گۆڤاری پۆلیتیکۆی راگەیاندووە: ئامانج لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بۆ ئەوەیە کە داعش نەتوانێت پێکهاتەی پێشووی خۆی زیندوو بکاتەوە و زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا بگەیەنێت.

ناوبراو سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزە کوردەکانی سووریا زیاتر وتی: ئامانجی ئێمە مەشق پێکردن و ڕاهێنانی هێزە خۆجێییەکان بوو بەمەبەستی زەبرلێدان لە داعش و ئەم پلانەشمان سەرکەوتوو بوو.

ئەم بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەش کردووە کە ئەمریکا هیوای ئەمەش دەخوازێت قەیرانی سووریا چارەسەری سیاسیی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە بوونی سەربازی ئەمریکا شانبەشانی کوردەکانی سووریا بۆ ئەم مەبەستە نییە.

News Code 6819

Your Comment

You are replying to: .
captcha