بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە حاڵێکدا کە کوردەکانی سووریا ڕووبەڕووی مەترسیی زیاتر دەبنەوە لە لایەن تورکیاوە و ئەنقەرە هەڕەشەی لە ناوبردنی قەوارەی بەڕێوەبەریی خۆسەری کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە، ئەمریکا وەک هاوپەیمانی سەرەکیی کوردەکانی سووریا هۆشداری داوە کە بڕیار نییە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ هەتاهەتایە پشتگیری لە هێزە کوردەکانی سووریا بکەن.
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی جۆ بایدن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە گۆڤاری پۆلیتیکۆی راگەیاندووە: ئامانج لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بۆ ئەوەیە کە داعش نەتوانێت پێکهاتەی پێشووی خۆی زیندوو بکاتەوە و زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا بگەیەنێت.
ناوبراو سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزە کوردەکانی سووریا زیاتر وتی: ئامانجی ئێمە مەشق پێکردن و ڕاهێنانی هێزە خۆجێییەکان بوو بەمەبەستی زەبرلێدان لە داعش و ئەم پلانەشمان سەرکەوتوو بوو.
ئەم بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەش کردووە کە ئەمریکا هیوای ئەمەش دەخوازێت قەیرانی سووریا چارەسەری سیاسیی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە بوونی سەربازی ئەمریکا شانبەشانی کوردەکانی سووریا بۆ ئەم مەبەستە نییە.
Your Comment