شاندێکی باڵای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سەردانی هەولێر دەکەن

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران وتی سبەی شاندێکی وڵاتی ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدوڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاندووە، "بڕیارە سبەینێ دووشەممە شاندێکی پارێزگای ئورمیە بە سەرۆکایەتیی پارێزگار سەردانی ھەولێر بکەن".

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی، "مەبەست لەو سەردانەی شاندەکەی وڵاتی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ گفتووگۆکردنە لەبارەی پرسی بازرگانی و ھەماھەنگی زیاتری نێوان ھەردوولا و رێکاری تەواو بگرنەبەر بۆ ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە بە ھەرێمی کوردستاندا بچن بۆ چلەی ئیمام حوسێن.

ناوبراو گوتیشی: "ئەو شاندە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی گفتووگۆ بکەن لەبارەی چۆن بتوانن زیاتر پەرە بەبواری بازرگانی بدەن و ئاسانکاری زیاتر بکرێت و جوڵەی بازرگانی زیاتر بێت، چونکە ھەردوولا ھاوڕان لەسەر زیاتر کردنی جووڵەی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێران ".

ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەگاتە چوار ملیار دۆلار و ھەردوولا ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی وەکو پێشوو بۆ ھەشت ملیار دۆلار لەساڵێکدا بەرزبکەنەوە.

News Code 6767

Your Comment

You are replying to: .
captcha