بەپێی هەواڵی کوردپرێس جەم ئوزدەمیر سەرۆکی پێشووی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا کە ئێستا نوێنەری پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە لە لێدوانێکدا وتوویەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلانی تورکیا یەک لەو دەرفەتە هەرەباشانە بوو کە دەوڵەتی تورکیا فەوتاندی.
ئەو نوێنەرەی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا زیادیشی کردووە دەمیرتاش زەوق و زیرەکیی لەڕادەبەدەری هەیە و خاوەن کاریزمایێکی لەڕادەبەدەریشە. زۆر ڕاستبێژە و مرۆڤێکی باشە. پێخوشحاڵم لەوەی دەمیرتاشم ناسیوە. دەمیرتاش بە مەنهەج و عەقڵییەتی سیاسیی خۆی دەیتوانی بە سەر هەموو تورکیادا بڵاو ببێتەوە و خودی بنەماڵەکەی منیش ڕوویان کردۆتە ئەو مەنهەجەی سەڵاحەدین دەمیرتاش شوێنی کەوتووە.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا دەشڵێت زیندانی کردنی دەمیرتاش ڕاست وەک کوشتنی "هرانت دینک" وایە. هرانت دینک بۆچی کوژرا؟ لە بەر ئەوەی دەیتوانی لە نێو ڕای گشتیدا لایەنگر بۆ خۆی کۆ بکاتەوە. هەر کات لە تەلەڤزیۆنەوە دەردەکەوت بەهەزاران هاوڵاتیی تورکیا گوێیان لە وتەکانی دەگرت. هەر بۆیەش تیرۆریان کرد.
Your Comment