ئه‌ندامێکی پێشووی یه‌کێتی: هه‌رێمی کوردستان بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ پیلانه‌کانی ئه‌ردۆغان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێی وایه‌ که‌ ڕێککه‌وتنی پێشوه‌خته‌ له‌ نێوان عێراق و هه‌رێمی کوردستان و تورکیادا هه‌یه‌ بۆیه‌ بێده‌نگن له‌ به‌رامبه‌ر لێدوانه‌که‌ی ئه‌ردۆغان که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی داگیرکردنی شاره‌کانی هه‌رێم ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شوان داودی ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراکسیۆنی یه‌کێتی له‌باره‌ی لێدوانه‌که‌ی ڕۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ی ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا که‌ ڕایگه‌یاندبوو ئامانجیان نییه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان چیا به‌رزه‌کان داگیر بکه‌ن به‌ڵکوو ده‌یانه‌وێت له‌ ده‌شته‌کاندا هێڵێکی پاراستن دروست بکه‌ن قسه‌ی بۆ ڕۆژنیووز کرد.

شوان داودی پێی وایه‌ که‌ قسه‌که‌ی ئه‌ردۆغان له‌خۆڕا نییه‌ و به‌رنامه‌یان هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌و به‌رنامه‌یان تا ئاستێکی زۆر بردووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و ئێستا به‌رنامه‌که‌یان ڕاده‌گه‌یه‌نن و باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ناوچه‌ی ئارام له‌ هه‌رێمی کوردستان دروست ده‌که‌ن وه‌ک چۆن له‌ سووریاش داوای ده‌که‌ن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێشی وایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ پیلانه‌که‌ی ئه‌ردۆغان و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یبینین کورد به‌شێکه‌ له‌ پرۆسه‌که‌، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغانیشیان نه‌بێت خۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یێکیان هه‌یه‌ و بانگه‌واز له‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و پیلانه‌ به‌ڵام دیاره‌ جۆرێک له‌ ڕێککه‌وتن هه‌یه‌.

شوان داودی وای ده‌بینێت که‌ "بێده‌نگیی حکوومه‌تی عێراق و حکوومه‌تی هه‌رێم به‌رامبه‌ر لێدوانه‌که‌ی ئه‌ردۆغان شتێکی سروشتیی نییه‌ و دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕێککه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم و حکوومه‌تی عێراق له ‌کاتێکدا ئه‌مه‌ پێشێل کردنی سیاده‌ی خاکی عێراقه‌ و بێده‌نگییان جێی گومانه‌."

شایانی باسه‌؛ له‌مدواییه‌دا ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌ لێدوانێکدا باسی له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی سوپای ئه‌و وڵاته‌ له‌ باکووری عێراق کرد و ڕای‌گه‌یاندبوو: ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی که‌ له‌ ساڵی 1984وه‌ به‌ مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی هه‌ڕه‌شه‌کان دژی ئاسایشی تورکیا له‌ باکووری عێراق ده‌ستمان پێکردووه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌. هه‌روا که‌ ده‌زانن ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی چنگ و چنگ-2 به‌ سه‌رکه‌وتووییه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌. باوه‌ڕمان وایه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌دا هه‌ڕه‌شه‌یێک به‌ ناوی قه‌ندیل بۆ سه‌ر تورکیا نامێنێت. هه‌وڵه‌کانیان بۆ جێگۆڕکیی شه‌نگال له‌جیاتی قه‌ندیل خسته‌ گه‌ڕ. ئه‌و شوێنه‌ش له‌ ئێستادا پاک کراوه‌ته‌وه‌ واتا نه‌یانتوانی ئه‌و کاره‌ش ئه‌نجام بده‌ن. هیوادارین که‌ سه‌رکه‌وتووش نابن. به‌م شێوازه‌ هه‌وڵه‌کان بۆ هێشتنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی تیرۆر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات به‌ته‌واوه‌تی له‌ناو ده‌به‌ین.

ئه‌ردۆغان له‌ وته‌دانێکی دیکه‌ی وێڕای ته‌ئکیدکردن له‌سه‌ر درێژه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌کانی دژی په‌که‌که‌ له‌ باکووری عێراق ڕای‌گه‌یاندبوو که‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌که‌که‌ دیدێکی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق و ئێران هه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65382

Your Comment

You are replying to: .
captcha