بەپێی هەواڵی کوردپرێس پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەمە 6ی گەلاوێژ بەرانبەر بە 28ی تەمووزی 2019 یەکەمین فستیڤاڵ و پێشانگای مۆدیل و جلوبەرگی کوردی بە بەشداریی چوار پارێزگای کوردنشینی ئێران لە ئەمارەتی خەسراوای شاری سنە کرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی پارێزگای کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی فستیڤاڵەکەدا ڕایگەیاند بەشداربووان لە 4 پارێزگای کوردستان و کرماشان و ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە بەرهەمیان پێشکەش کردووە.
جەلال قەڵاشاخانی گوتیشی ئامانجی بەڕێوەبردنی ئەو فستیڤاڵە ئەوەیە نەوەی نوێی کوردەواری لەگەڵ جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی ئاشناتر بکات و هەروەهاش کەشێک بڕەخسێنێت بۆ پێوەندیی نێوان بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری جلوبەرگی کوردی.
لای خۆیەوە شەیدا مەردۆخی بڕیاردەری جێبەجێکاری فستیڤاڵەکە ڕوونی کردەوە ئەو فستیڤاڵە لە 28 ژووری پێشانگادا بەڕێوە دەچێت کە بریتین لە مۆدیل و جلوبەرگی کوردیی سۆرانی و کوردیی ئەردەڵانی و دیزاینی جلوبەرگ و فرۆشتنی قوماش و کارگەی کڵاش کردن و فەرەنجی کردن و جۆڵایی و دوورینی جلی کوردی.
شایانی باسە ئەو پێشانگایە لە ڕۆژی 6ی گەلاوێژەوە کراوەتەوە و تا ڕۆژی 8ی گەلاوێژ ئامادەیە پێشوازی لە سەردانکەران و لایەنگرانی فەرهەنگی کوردی بکات.
Your Comment