بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سامۆئێل هێلفۆنت لێکۆڵەری کۆلێجی جەنگی هێزی دەریایی ئەمەریکا و لێکۆڵەری پەیمانگەی سیاسەتی دەرەوە دەڵێت: گرینگترین هۆکاری لاواز بوونی حزبە کوردییەکانی عێراق بوونی ناکۆکیی سیاسی و لایەنی سەربازی لەنێو ئەو حزبانیە.
ناوبراو لە وتارێکیدا کە لەسەر دۆخی کوردەکان و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نووسیوەتی دەڵێت: عێراق بەردەوام وڵاتێکی ناسەقامگیر بووە بەڵام خاڵی هیوابەخش بەڕای وڵاتانی ڕۆژئاوا ناوچەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی کوردستانە. بەم حاڵەشەوە هەرێمی کوردستانی عێراق جگە لە کێشەی سەربازی و ناکۆکی ناوحزبی لەسەر ئیدارەدانی هێزەکان، تووشی کێشەی سیاسی و ململانێی ناوحزبییە. وڵاتانی ڕۆژئاوایی نەک هەر دەبێت پشتگیری ئابووری لە هەرێمی کوردستان بکەن بەڵکوو دەبێت هەوڵ بۆ چارەسەر کردنی ناکۆکییە ناوحربییەکان و چارەسەر کردنی تەنگەژە سیاسییەکانی کوردەکان لە هەرێمی کوردستان بدەن.
لێکۆڵەری پەیمانگەی سیاسەتی دەرەوە دەیشڵێت: بە ڕواڵەت هەموو حزبە کوردییەکان وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پەکەکە و پەیەدە وەکوو یەک وان بەڵام ژمارەیێک لەم حزبانە وەکوو پەکەکە لەسەر بنەمایێکی ڕادیکاڵ دامەزراون و بۆ زیاتر بوونی نفووزی خۆیان لە ناوچە کوردنشینەکاندا بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەوڵ دەدەن.
بەبڕوای دوکتۆر سامۆئێل هێلفۆنت حزبێک وەکوو پارتی بە سەرکردایەتیی مەسعوود بارزانی و یەکێتیی نیشتمانی کە دامەزرێنەرەکەی جەلال تاڵەبانی بوو، ستراتێژیێکی میانەڕەویان هەیە و توانای تەعامولیان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و دراوسێکانیان هەیە، بەڵام درێژەی ناکۆکی لەنێوان ئەم حزبانەدا مومکینە لە کۆتاییدا لاواز بوونی هەرێمی کوردستانی لێبکەوێتەوە.
سامۆئێل هێلفۆنت بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕادەسپێرێت بۆ چارەسەر کردنی ناکۆکیی نێوان حزبە کوردییە میانەڕەوەکان وەکوو یەکێتی و پارتی هەوڵ بدەن ئەگینا ڕێگا بۆ بەهێزتربوونی حزبە توندئاژۆکان وەکوو پەکەکە دەکرێتەوە.
ناوبراو هەروەها هۆشدار دەدات بوونی هێزی سەربازیی سەربە حزبە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستان زیانی ئەو ناوچەیەی لێدەکەوێتەوە و دەبێت هەوڵ بدرێت هێزەکانی یەکبخرێن و ڕێگری بکرێت لە حزبی بوونیان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment