بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قسەكانی حەیدەر عەبادی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ هەفتەنامەی رووداو، كە باسی دووركەوتنەوەی خۆی لە سەركردایەتی حیزبی دەعوە و تێڕوانینی بۆ حكوومەتی ئێستا و كێشەكانی ئەم حكوومەتە، هەروەها ئاراستەی كاركردنی خۆی بۆ داهاتوو دەكات.
هاوكات باسی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، راپرسی سەربەخۆیی و پەیوەندی لەگەڵ سەركردایەتی كورد دەكات و دەڵێت تەنانەت لە كاتی گشتپرسی و 16ی ئۆكتبەریشدا پەیوەندی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا نەپچڕاندووە.
لە درێژەدا عەبادی لەبارەی ڕەخنەکانی لە حکوومەتی نوێ دەڵێت: رەنگە سێ ڕەخنە بن، یەكەم پرسی ئاسایشە، حكوومەت ئاسایشێكی باشی بۆ بەجێما، دەبوو لە سەرەتای كارەكانییەوە كارەكانی رابردووی تەواو كردبا كە دووبارە بونیادنانەوەی هێزە ئەمنییەكانە. ئێمە دەبینین لەم مەلەفەدا پاشەكشە هەیە. بابەتێكی دیكە خەرجییەكانی حكوومەتە، لە سەردەمی ئێمەدا خەرجییەكانی حوكومەتمان كەم كردەوە، بەڵام بەداخەوە تێبینی دەكەین حكوومەت خەرجییەكان بە ئاستێكی مەترسیدار فراوان دەكاتەوە، خاڵی سێیەم دانانی بەرژەوەندیی عێراقە لە پێش هەموو شتێكەوە، ئێمە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەكەین، بەڵام وا مامەڵە ناكەین وەڵامی هەموو شتێك بدەینەوە كە داوامان لێدەكەن و لە ئەنجامدا بەرژەوەندیی عێراق دابنێین، دەبێت مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بكەین بەشێوەیێک كە بەرژەوەندیی عێراق لە پێشینە دابنێین.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ دوور خستنەوەی عەبدولمەهدی، حەیدەر عەبادی دەڵێت: من هۆشداری دەدەم لە خستنی هەر حكوومەتێک، حكوومەت دەبێت كاتی خۆی وەربگرێت كە چوار ساڵە، دەبێت رێگە بدەین حكوومەت چوار ساڵ كار بكات و ئەوە بەجێبگەیەنێت كە دەتوانێت. خستنی حكومەت لەكاتی كاركردنیدا دەبێتە هۆی لاوازكردنی دەوڵەت، چوونكە جۆرە عورفێک دروست دەبێت بۆ خستنی حكوومەتەكان لەكاتی ویلایەتەكانیاندا.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لەبارەی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەو لە كەسایەتی و سەركردە گەنجەكانە و منیش گەشبینم بەوەی كە هەرێمی كوردستان رەنگە بە ئاڕاستەیێكی دیكە بجووڵێت، هەروەها پەیوەندییەكانمان لەگەڵ مەسروور بارزانیشدا باش بوو، تەنانەت لەگەڵ مەسعوود بارزانیشدا پەیوەندییەكان نەپچڕان لەو چوارچێوەیەدا و تەنانەت لە كاتی گشتپرسیشدا پەیوەندی هەبوو بۆ ئەوەی هەوڵی راگرتنی لێكەوتەكانی بدەین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment