لوقمان ئۆحمی وته‌بێژی ئیداره‌ی خۆسه‌ری باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا سه‌باره‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی جووڵه‌ی تورکیا له سنووره‌کانی باکووری ئه‌و وڵاته به ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا جیدییه و له‌وانه‌یه تورکیا هێرش بکاته سه‌ر باکووری سووریا.
ناوبراو وتیشی: تورکیا زۆر له پڕۆژه‌ی دیموکراتیکی ئێمه ده‌ترسێت و ئه‌م پڕۆژه هه‌ڕه‌شه‌یێک بۆ سه‌ر ئاسایشی خۆی ده‌زانێت.
لوقمان ئۆحمی زیادی کرد: تورکیا و ئه‌ردۆغان به‌نیازن پڕۆژه‌ی میساقی نیشتیمانی ببووژێننه‌وه و ده‌یانهه‌وێت له ڕێگای داگیرکردنی هه‌ندێک ناوچه‌ی باکووری عێراق و سووریا ئه‌و خواسته‌یان جێبه‌جێ بکه‌ن.
وه‌زیری پێشووی کشتوکاڵی کانتۆنی جزیره جه‌ختی کرده‌وه: تورکیا ته‌قه‌لایێکی زۆر بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی میراتی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی ده‌دات و له‌م ڕێبازه‌شدا به‌رنامه‌یێکی درێژخایه‌ن جێبه‌جێ ده‌کات.
وته‌بێژی ئیداره‌ی خۆسه‌ری باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا باسی له‌وه کرد که ئه‌گه‌ر تورکیا باکووری سووریا داگیر بکات ئه‌وا زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌کی ڕووسیا ده‌بێت و ڕاشیگه‌یاند: له ئێستادا هێزی هاوپه‌یمانان و ناتۆ له باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا‌ن و ئه‌گه‌ر تورکیا باکووری سووریا داگیر بکات ئه‌وا ناوچه‌که به گشتی له‌لایه‌ن ناتۆوه کۆنتڕۆڵ ده‌کرێت و ئه‌م بابه‌ته‌ش له زه‌ره‌ری ڕووسیا ده‌شکێته‌وه.
لوقمان ئۆحمی زیادیشی کرد: باشتره ڕووسیا که‌مێک به‌رپرسیارانه‌تر بۆ ڕاستییه‌کانی سووریا بڕوانێت و ڕێگه نه‌دات تورکیا به‌پێی داواکاریی داگیرکارانه‌ی سووریا بکاته مه‌کۆیێک بۆ تیرۆریستان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment