زه‌نگی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاماری کۆچ‌کردنی هاووڵاتییانی هه‌رێم بۆ ئه‌ورووپا لێده‌درێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ده‌زگای لووتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ئامارێكی مه‌ترسیدار له‌باره‌ی زیادبوونی كۆچكردنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌ورووپا ئاشكرا ده‌كات و سه‌رۆكی ده‌زگاكه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "ته‌نها له ‌دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا ژماره‌یێک هاووڵاتیی هه‌رێم كه‌ زۆربه‌یان گه‌نجی کوردن گه‌یشتونه‌ته‌ كه‌نارئاوییه‌كانی ئیتاڵیا."

کوردپرێس:

ئاری جه‌لال سه‌رۆكی ده‌زگای لووتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره ‌و په‌نابه‌رانی هه‌رێمی کوردستان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: ماوه‌ی چوار هه‌فته‌یه‌ كۆچكردنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو زیادی كردووه‌ به ‌شێوه‌یێک ته‌نها له ‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا زیاتر له‌ (150) هاووڵاتی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌ كه‌نارئاوه‌كانی توركیاوه‌ خویان گه‌یاندۆته‌وه‌ سنووری وڵاتی ئیتاڵیا.

ناوبراو وتیشی: "به‌ده‌ر له‌وه‌، به‌شێک له‌ هاووڵاتییان به ‌ڕێگه‌ی وشكانی (ڕێگه‌ی ساڵۆنیک)ه‌وه‌ به‌ پێ په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ بۆ خاكی یۆنان و بولگاریان".

سه‌رۆكی ده‌زگای لووتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره ‌و په‌نابه‌ران ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد که‌ به‌شێک له‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌ كۆچ ده‌كه‌ن خێزانن به‌ڵام به‌شێكی زۆری گه‌نجی کوردی ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگاكانن.

به‌ وته‌ی ئاری جه‌لال، هۆكاره‌كانی زۆربوونی كۆچی هاووڵاتییانی كورد بۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ دۆخی سیاسی هه‌رێم و عێراق و زیادبوونی ڕێژه‌ی بێكاری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ناوبراو ئه‌وه‌شی وت: "زۆربوونی ژماره‌ی كۆچبه‌ران له ‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له ‌كاتێكدایه تا دێت ڕێوشوێنه‌كانی وڵاتانی ئه‌ورووپا بۆ پێدانی مافی په‌نابه‌رێتی توندتر ده‌بێته‌وه ‌و بڕیاره‌كانیان بۆ په‌نابه‌ران قورستر ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ دوای ڕۆژی 20ی 3ی 2016 یاساكان دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی په‌نابه‌رانه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65337

Your Comment

You are replying to: .
captcha