شاندی باڵای حكوومه‌تی عێراق گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شه‌وی ڕابردوو شاندێكی باڵای حكوومه‌تی عێراق به‌ مه‌به‌ستی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌خت و له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه‌ پێشوازیان لێکرا.

کوردپرێس:

‏قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ توویتێکدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ردا ڕای‌گه‌یاندووه‌: "پێشوازیمان له‌ هه‌ر دوو جێگرانی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق فوئاد حسێن و سامر غه‌زبان و فالح فه‌یاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و ئه‌بوو جیهاد ئه‌لهاشمی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی کرد".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌: "پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 25ی ته‌مووزی 2019 یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای هه‌رێمی کوردستان و به‌غدادمان ده‌بێت".

شایانی باسه‌؛ شانده‌كه‌ی به‌غدا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر له‌ لایه‌ن جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و هه‌روه‌ها ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌ده وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازییان لێكرا.

به‌پێی زانیارییه‌کان، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی حکوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستان پرسی نه‌وت، ئابووری، ئه‌منی و مادده‌ی 140 ده‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65277

Your Comment

You are replying to: .
captcha