وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانی ئه‌نجام دا

به‌شی جیهان- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام دا و له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌دا وێڕای پیرۆزبایی‌کردنی پڕۆسه‌ی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ له‌ مه‌سروور بارزانی ته‌ئکیدی له‌سه‌ر چاره‌کردنی ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا کرده‌وه‌.

کوردپرێس:

دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 23-7-2019 مایک پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ کرد.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ سه‌ره‌تادا دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆک وه‌زیران کرد و هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خواست و دووپاتی له‌ گرنگیی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریکا و هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه‌ و ئاماژه‌شی به‌وه‌ دا که‌ حکوومه‌تی ئه‌مه‌ریکا پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌کانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئه‌نجامدانی چاکسازیی ئابووری.

هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا خۆشحاڵیی خۆشی به‌رامبه‌ر سه‌ردانی شاندی باڵای هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌غدا نیشان دا و گوتی: "ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هانی هه‌ردوولا ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی ده‌ستوور و له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌ کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن."

لای خۆیشیه‌وه‌ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکوه‌زیران وێڕای سوپاس کردنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا پێویسته‌ به‌ شێوه‌یێک بێت که‌ ماف و ئه‌رکی هه‌موو لایێک له‌به‌رچاو بگیرێت. هه‌روه‌ها باس له‌ گرنگیی به‌رده‌وامبوونی یارمه‌تییه‌کان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ کرا.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65248

Your Comment

You are replying to: .
captcha