بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەبارەت بەو هەنگاوە، ئومێد محەمەد بەڕێوەبەری پۆستەی هەرێم لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە هەولێر وتی "لەئەنجامی پەیوەندی لەگەڵ پۆستەی عیراقی، كە دروستمان كردوە، هەندێك ئامانجمان بەدەست هێناوە یەكێك لەوانەش بەستنەوەی پۆستەی هەرێمە بە سیستمی IPSی ئینتەرنێت (سیستمی بەدواداچوونی پۆستە) كە سیستمێكی جیهانییە و پۆستەی هەرێم بە تەواوی پۆستەی وڵاتانی جیهان دەبەستێتەوە، عیراقیش بەشداری ئەو سیستمەی كردوە".
ناوبراو وتیشی "لەمەودوا هاووڵاتیانی كوردستان لە رێگەی ئەو سیستمەوە دەتوانن بەدواداچون بۆ پۆستەكانیان بكەن سەبارەت بە گەیشتنی پۆستەو كاتی گەیشتنیان، پۆستەكان راستەوخۆ رەوانەی ئەو شوێنە ناكرێت، كە بۆی دەنێردرێت، بەڵكو بە چەند قۆناغێك دەبێت، ئێمە دەتوانین زانیاری لەبارەی شوێنی پۆستەكانمان بگەیەنین، هەر كێشەیەكیش روبدات راستەوخۆ ئاگاداری دەبین، چونكە وڵاتە پێشكەوتوەكان كار بەو سیستمە دەكەن، گرنگییەكی زۆری هەیە لەبواری پێشخستنی پۆستە لەهەمانكاتیشدا كارئاسانی زیاتر لەو بوارەدا دەكات ئەمەش دەبێتەهۆی پێشكەوتنی زیاتری پۆستە لە هەرێمی كوردستاندا".
بەڕێوەبەری پۆستەی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پۆستەی هەرێم كەرتی گشتییە و كەلوپەلەكانی بە نرخێكی هەرزانتر لەكەرتی تایبەت رەوانە دەكات، كە لە رێگەی هێڵی ئاسمانییەوە دەگوازرێنەوە و بەهیچ جۆرێك لە رێگەی ئاوی و وشكانییەوە نابێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment