گفتوگۆی هەولێر و بەغدا لەسەر چۆنیەتیى بەڕێوەبردنى ناوچە کێشەلەسەرەکان درێژەی هەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەى میحوەرى باشوورى کەرکووکى پێشمەرگە دەڵێت گفتووگۆى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لەسەر چۆنیەتىی بەڕێوەبردنى ناوچە کێشەلەسەرەکان لەڕووى ئەمنی و سەربازیەوە بەردەوامە.

کوردپرێس: لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، لیوا هیوا ڕەش ئاماژەى بەوەکرد بەرێوەبردنى ناوچە کێشەلەسەرەکان پێویستى بەهەماهەنگى هەیە لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق دا، وتى"بەپێى دەستوورى عێراقیش دەبێت ئەو ناوچانە بەهەماهەنگى هەردوولا بەڕێوەببرێن".

کۆبونەووەکانى نێوان وەزارەتى پێشمەرگەو بەرگرىی عێراق درێژەیان کێشاوە، هەرچەندە بەرپرسانى هەردوولا ئاماژە بە هەبوونى لێکتێگەیشتن دەکەن، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ ئەنجامدانى هەماهەنگى و کارى هاوبەش لە ناوچە کێشە لە سەرەکان نەنراوە.

لەو بارەیەوە، لیوا هیوا ڕەش وتى"لەکۆبونەوەى نێوان وەزفدى وەزارەتى پێشمەرگە و عێراق ڕەتکردنەوە نەبووە، بۆیە هیوادارین گفتووگۆکان بەرهەم داربن".

ناوبراو وتیشى"وەفدى باڵاى هەرێم رۆیشتۆتە بەغدا، وەفدى پێشمەرگە و بەرگرى عێراقیش بەشدار بوون لەگفتووگۆکاندا".

زۆرجار بەرپرسانى پێشمەرگە باس لە "هەماهەنگى" لەگەڵ سوپاى عێراق دا لەناوچە کێشەلەسەرەکان دەکەن، بەڵام تا ئێستا ڕوونیان نەکردۆتەوە مەبەستیان لە هەماهەنگى گەڕانەوەى پێشمەرگەیە یاخود کارى هاوبەشى سنووردارە لەگەڵ سوپاى عێراق دا.

لیوا هیوا ڕەش فەرماندەى میحوەرى باشوورى کەرکووکى پێشمەرگە، وتى"ناوچە کێشەلەسەرەکان لە خانەقینەوە تا شەنگال، دەبێت بەهەماهەنگى لەلایەن سوپاى عێراق و پێشمەرگەوە بەڕێوەببرێن، دەستوریش وا دەڵێت".

هەروەها وتیشى هەماهەنگى پێویستى بەرێککەوتن هەیە، تا میکانیزمێک بۆ چۆنیەتى هەماهەنگی کردنەکە بدۆزرێتەوە.

سەبارەت بەوەى لەئێستادا پێشمەرگە و سوپاى عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان هیچ بازگەیێکى هاوبەشیان هەیە، فەرماندەکەى پێشمەرگە وتى "تا ئەم دەقە هیچ بازگەیێکى هاوبەشمان نیە، بەڵام تەوەرێکى گفتووگۆکان بوونى هێز و بازگەى هاوبەشە لەو ناوچانە".

لەکۆتایى قسەکانیدا فەرماندەى میحوەرى باشوورى کەرکووکى پێشمەرگە، روونیکردەوە داعش جم و جۆڵى لە ناوچەکانى ڕۆژئاواو باشوورى کەرکووک هەیە، بەتایبەت لەشەواندا هێزەکانیان بەناوچەکاندا دەسوورێنەوە.

لیوا هیوا وتى"داعش تواناى شەڕى جەبهەیى نییە، بۆیە شەڕى عەسابات دەکەن، دەست لە خەڵک و هێزە ئەمنیەکان دەوەشێنن و دەڕۆن".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 65173

Your Comment

You are replying to: .
captcha