بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی زیندانی سینجانی ئەنقەرە دۆسیەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان جارێکیتر خرایە بەردەست و تیایدا ناوبراو ڕایگەیاند: بۆ ماوەی سێ ساڵە بە شێوەی نایاسای و بە پێشێل کردنی هەموو مافەکانم زیندان کراوم. دەزگای دادی تورکیا هەوڵ ئەدات ئەو عەقڵییەتە دروست بکات کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تۆمەتبارێک دەبێت هاوکات بێت لەگەڵ بەند کردنیدا، بەڵام بەم شێوە نییە، تەنها لە دۆسیە سیاسییەکاندا بەم شێوە کار دەکرێت. لە حاڵێکدا کە دز و دەست درێژیکەر و گەندەڵ بەم شێوە لەگەڵیاندا مامەڵە ناکرێت. سەرەڕای ئەوەی کە سیستەمی دادی تورکیا هەمبەر ئەم چەشنە تاوانە زۆر هەستیار دەجووڵێت. بەڵام تەنها بۆ دۆسیەکەی ئێمەیە کە حوکمی زیندانی دەرکردووە. من بارمەتەیێکی سیاسیم.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاشکراشی کرد: لە دۆسیەیێکدا کە لەم دادگایەدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت بەو بۆنەوە کە من لە وتەدانێکمدا لە ساڵی 2012واژەی "جەنابی ئۆجەلان"م بەکار هێناوە تۆمەتی "بانگەشە کردن بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان"م خراوەتە پاڵ. چاو لە دۆسیەی ژمارە 29ی من بکەن ئەو وتەدانە دەبێت بە لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو کاتە تاوتوێ بکرێت. 7 ساڵ پاش ئەو وتەدانە وتەکانی من لەو کاتەدا بانگەشە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان دێتە ئەژمار بەڵام لە هەمان ڕێکەوتدا بەرپرسانی کۆماری تورکیا لەسەر فەرمانی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان خەریکی دانووستان لەگەڵ ئەردۆغان بوون لە ئۆسلۆ.
ناوبراو درێژەی دا تەنانەت ئەمرە تانر، سەرۆکی ئەو کاتەی هەواڵگریی تورکیا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەردۆغان سەردانی ئۆسلۆی کرد. بەڵام بەشێوەی فەرمی میدیاکان باسیان لەو دیدارە نەکرد. لەهەمان ڕێکەوتدا دەسنووسێکی ئۆجەلان دەگاتە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا. لەو نامەدا ئۆجەلان داوای دەست پێکردنی خولی نوێی دانووستانی ئاشتی لە ئەردۆغان دەکات. لە وەڵامدا ئەردۆغان بۆ ئۆجەلان دەنووسێت: "لەمبارەوە زۆر جیدیم و کاتی ئەوە گەیشتووە کێشەکە چارەسەر بکرێت". وتەدەربڕینی منیش لە نەسیبەین هەر لەو کاتەدا بوو. لە دەقی وتەدەربڕینەکەمدا نە پشتگیریم لە تیرۆر کردووە نە ستایشی تاوان و تاونبارم کردووە.
دەمیرتاش وەبیری هێنایەوە: ئێمە بۆ ئەوەی کە قەناعەت بە پەکەکە بێنێن چەک دابنێت چەندین کاتژمێر گفتوگۆمان لەگەڵ کردن. لە وەڵامدا بەمنیان وت: "ئێوە داوامان لێدەکەن چەک دابنێین لەکاتێکدا کە ئەندامانی حزبەکەتان هەموو ڕۆژێک دەستگیر و زیندان دەکرێن. چۆن دەبێت کە ئێوە داوامان لێدەکەین چەک دابنێین و کاری سیاسی بکەین لە کاتێکدا خۆتان بۆتان ناکرێت" ئەم قسەیەم لە کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە بیست. "ئێمە کاری زۆرمان کردووە بۆ داماڵینی چەک لە پەکەکە هەر بۆیەش دەڵێین ئەو دۆسییانەی لەسەر ئێمە تۆمار کراوە بۆ درێژەپێدان بە شەڕە".
سەرچاوە: ڕۆژنامەی جمهووریەت
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment