ده‌سته‌ی ئامار: ڕێژه‌ی بێكاریی هه‌ولێر بۆ 9% دابه‌زیوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی کوردستان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی بێکاریی هه‌ولێر به‌راورد به‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو بۆ 9% دابه‌زیوه‌.

کوردپرێس:

چواره‌مین پێشانگا‌ی هه‌لی كار له‌ هه‌ولێر كۆتایی هات كه‌ تێیدا نزیكه‌ی 1690 هه‌لیكار خرابووه‌ ڕوو و به ‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی بێكاری له‌ هه‌رێم به‌راورد به‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو بۆ 9% دابه‌زیوه‌ له ‌كاتێكدا پێشتر له‌ 13% بووه‌.

شاره‌زایان داواكارن حكوومه‌ت زیاتر هانی گه‌نجان بدات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی توانا و به‌هره‌كانی خۆیانه‌وه‌ هه‌لی كار په‌یدا بكه‌ن و له‌ پاڵ كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت گه‌شه‌ به‌ ئابووری هه‌رێمی كوردستان بدرێت.

به‌شێكی زۆر له ‌ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان هاتوونه‌ته‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌لی کار به‌ مه‌به‌ستی ئاشنابوون به‌و كۆمپانیایانه‌ی لێره‌ ئاماده‌ن و به ‌گوێره‌ی شاره‌زاییی خۆیان بتوانن كارێک به‌ده‌ست بهێنن و ئاينده‌ی خۆیانی پێ دابین بكه‌ن. چه‌ند ساڵێكه پلانه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌خساندنی هه‌لی كار به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ وه‌ستاوه و چاوه‌ڕێن له‌گه‌ڵ باشبوونی دۆخه‌كه‌‌ به ‌هیوای ئه‌وه‌ی پلانه‌كه جێبه‌جێ بكه‌ن.

سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی وڵاتانی پێشكه‌وتوو و‌ پشت به‌ستن به‌ كه‌رتی تایبه‌ت سه‌ره‌كیترین ئه‌و خاڵانه‌ن كه‌ شاره‌زایان وه‌ک ڕێنمایی به ‌گه‌نجانی ده‌ده‌ن.

پێشا‌نگای هه‌لی کاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی 166 کۆمپانیا له‌ 14 وڵاتی جیهانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ چوو و 2 هه‌زار و 796 که‌س سه‌ردانی پیشانگه‌که‌یان کرد.

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65070

Your Comment

You are replying to: .
captcha