به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه 24ی پووشپه‌ڕ به‌رانبه‌ر به 15ی ته‌مووزی 2019 یه‌که‌مین پیشانگای ناوچه‌ییی پیشه‌ی ده‌ستیی مه‌هاباد به ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی میراتی فه‌رهه‌نگیی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، قایمقامی تایبه‌تی شاری مه‌هاباد و ژماره‌یێک به‌رپرسی دیکه‌ی ئه‌و شاره کرایه‌وه.
جه‌لیل جه‌باری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی میراتی فه‌رهه‌نگیی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا یه‌کێک له به‌شداربووانی ڕێوڕه‌سمه‌که بوو و له لێدوانێکدا گوتی: پیشه‌ی ده‌ستی به‌شێک له داهێنان و هونه‌ره و پیشه‌ی ده‌ستیی هه‌ر ناوچه‌یێک پیشانده‌ری داهێنان و هونه‌ری زه‌ینیی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌یه.
ناوبراو گوتیشی: مه‌به‌ست له به‌رپاکردنی پیشانگاکه پشتیوانی له وه‌به‌رهێنان، ڕه‌ونه‌قدان به هه‌لی کار و ڕاکێشانی گه‌نجانی لایه‌نگر بۆ ئه‌م به‌شه‌یه.
جه‌باری ڕاشی‌گه‌یاند: له‌م پیشانگایه‌دا 11 پارێزگای وڵات پیشه ده‌ستییه‌کانیان ده‌خه‌نه به‌ر دیدی خه‌ڵک و هه‌ریه‌کیان پیشه و به‌روبوومی ده‌ستڕه‌نگینی خۆیان پێشکه‌ش ده‌که‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی میراتی فه‌رهه‌نگیی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی مه‌هاباد بۆ سازکرانی پیشانگای پیشه‌ی ده‌ستی له‌و شاره گوتی: مه‌هاباد له ڕووی فره‌ڕه‌نگی و ژماره‌ی هونه‌رمه‌ندانی ده‌ست‌ڕه‌نگینه‌وه پاش ورمێ پله و پێگه‌یێکی باشتری هه‌یه و هیوادارین به‌م کاره په‌ره به پیشه‌ی ده‌ستی بدرێت و هه‌نگاوێکی کارامه بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لی کار له‌م ناوچه‌یه هه‌ڵبگیردرێت.
هه‌روه‌ها له ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا ئیره‌ج شوجاعی قایمقامی تایبه‌تی شاری مه‌هاباد ڕای‌گه‌یاند: بێگومان پیشه‌ی ده‌ستی شانازیی گه‌لی هه‌ر وڵاتێکه و پیشانگاکانی پیشه‌ی ده‌ستی ڕووداوێکی فه‌رهه‌نگییه بۆ گواستنه‌وه‌ی دابونه‌ریتی خه‌ڵکی ناوچه‌که که له‌م ڕووه‌وه وڵاتی ئێران وه‌ک وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ند دێته ئه‌ژمار.
شایانی باسه که پیشانگای ناوچه‌ییی پیشه‌ی ده‌ستی مه‌هاباد له قه‌باره‌ی 50 ژوور و بریتی له 30 به‌شی جۆراوجۆر تا ڕۆژی 28ی پووشپه‌ڕی 1398 کرایه‌وه و هۆگران ده‌توانن ڕۆژانه کاتژمێر 17 تا 23 سه‌ردانی پیشانگاکه بکه‌ن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment