کوردپرێس:
ڕۆژی 15ی تەمووزی 2019 نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و ئان هیلداگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس رێککەوتنێکیان لە پاریس واژۆ کرد، کە ئامانجەکەی بەدیهێنانی دۆستایەتی و هەماهەنگی و گۆڕینەوەی ئەزموون و دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر و گونجاوترە بۆ دانیشتووانی هەولێر و پاریس.
بەپێی رەشنووسی رێککەوتنەکە، هەموو جۆرە پڕۆژە و گرێبەستێک لەو رێککەوتنەدا جێگەی دەبێتەوە.
پاریس جگە لەوەی ناوەندێکی گرنگی سیاسیی جیهانە، لەڕووی کۆی گشتیی بەرهەمهێنان، گەورەترین شاری ئابووریی ئەورووپا و پێنجەم گەورە شاری ئابووریی جیهانە. بە شاری مۆدێل و بۆن ناسراوە و شوێنگەلێکی وەک ئیڤل، لۆڤێر و نۆتێردام وای کردووە ساڵانە میوانداریی زیاتر لە 40 ملیۆن گەشتیار بکات.
واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت بۆ پاریس کە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئان هیلداگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس بەجیا کۆ بووەوە.
بڕگەکانی رێککەوتنی دەستەخوشکبوونی هەولێر و پاریس:
- ئاڵوگۆڕ و گۆڕینەوەی زیاتر بۆ پێشخستنی رێگاکانی هاتووچۆ و گەیاندن
- داڕشتنەوە و نۆژەنکردنەوەی نەخشەی شار
- پاراستنی شوێنەوارەکان
- بەرزکردنی خواستی گەشتوگوزار
- ئاڵوگۆڕی کلتووری و وەرزشی
- چۆنیێتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆڵ و خاشاک
- سرووشت و کشتوکاڵ لەناو شاردا
- ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی کارگێڕیی و تەکنیکی
- پێکهێنانی پرۆگرامی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕکردن
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس گوتی "من دۆستی كوردم و هاوڕێی نزیكی سهرۆكی ههرێمی کوردستانم. ئیمه باسی دۆخی ئێستامان كرد، باسی پهیوهندی نێوان ههرێمی كوردستان و پاریسمان كرد. من خۆم دووجار سهردانی كوردستانم كردووە و هاوئاههنگیمان لهگەڵ كوردستان زۆر باشه".
مانگێک پێش ئێستا لە وڵاتی ئۆگەندا رێکخراوی کۆنفیدراسیۆنی پایتەختە فرانکفۆنییەکان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، نەوزاد ھادی وەکو پارێزگاری ھەولێر بەشداری کردبوو، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو شارانەی کە دەستە خوشکی پاریسن بەشداریان کردبوو، لە کۆبونەوەکدا ئەندامبوونی ھەولێر خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی رێکخراوەکە ھەولێر بووە ئەندام لەو رێکخراوەدا.
Your Comment