كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركووک ده‌ست پێده‌كات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌ماوه‌ی ئه‌م ھەفتەیە ئەو شانده‌ کوردییەی کە بڕیارە له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی بۆ گفتوگۆ كردن له‌ گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركووک پێک بھێنرێت، سەردانی لایەنە سیاسیەکانی ئه‌و پارێزگایه‌ دەکەن و لەگه‌ڵ پێكهاته‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان كۆ دەبنەوە‌.

کوردپرێس: له‌كاتێكیشدا هێشتا گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ ئەو پێکھاتانە دەستی پێی نەکردووە، بەڵام تورکمان وەک یەکەم پێکھاتە، ئامادەن له‌گه‌ڵ كورد ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكه‌ن، ھەنگاوی یەکەمیش بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریەکانیان داوای پارێزگاری شارەکە دەکەن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ریاز ساری كه‌هیه‌، سەرۆکی پارتی تورکمان ئیلی بە کوردستان 24ی وتووە: "ئێمە ڕێز لە بۆچوونی ھەردوو حزبە کوردیه‌کە "پارتی و یه‌كێتی" دەگرین، لەم بابەتە و ڕێزمان بۆ خودی کاندیدەکە "تەیب جەبار" ھەیە، بەڵام ئێمە بۆچوونمان وایە، ھەموو شت لەڕێگای گفتوگۆوە چارەسەربکەین، کورد و عەرەب بۆ ماوەیێک پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان وەرگرتووە، داوا دەکەین بۆ ماوەیێکیش ئەم پۆستە لای ئێمە بێت، بەڵام ئێمە دەرگای گفتوگۆ داناخەین".

شاندی کوردی لەسەر 3 پۆست گفتوگۆ لەگەڵ عەرەب و تورکمان دەکات، کورد ڕازییە بەوەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بدات بە تورکمان و جێگری پارێزگاریش بۆ عەرەب بێت، بەڵام بەو مەرجەی کە دەنگ بە کاندیدەکەی لیستی برایەتی بدەن بۆ پارێزگاری کەرکووک.

مه‌ریوان نادر، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت: پۆستی پارێزگای پشكی زۆرینه‌یه‌ و كام لایه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردن براوه‌یه‌، ده‌بێته‌ خاوه‌نی ئه‌و پۆسته‌‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، تا ئێستا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا هه‌ر به‌ پێكهاته‌ی توركمان دراوه‌ و جێگری پارێزگاریش به‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب دراوه‌، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و پۆستانه‌ وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

مه‌ریوان نادر ئاشكراشی ده‌كات "ئێمه‌ش وه‌ک كورد به‌وه‌ رازین كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن بۆ توركمان و جێگری پارێزگاریش بۆ عه‌ره‌ب بێت".

یەکێتی و پارتی ده‌یانه‌وێت لەسەر ئاستی عێراق ڕێکكەوتن لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان بکەن و لەسەر ئاستی کەرکووکیش دەیانەوێت لەگەڵ ھێزە سیاسیەکانی شارەکە بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64998

Your Comment

You are replying to: .
captcha