کێشەی کەرکووک دەبێت لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مه‌سعوود بارزانی، له‌ باره‌ی ره‌وشی كه‌ركووكه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كێشه‌ی كه‌ركووک ته‌نیا گرفتی سیاسی نێوان دوو حزب نییه‌ به‌ڵكوو بابه‌تێكی مێژوویی و سیاسی كۆنه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا روونی كردووه‌ته‌وه‌، رێككه‌وتنی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هه‌نگاوێكی گرنگه‌، به‌ڵام پێویسته‌ كێشه‌كانی كه‌ركووک به‌ پارێزگاریشه‌وه‌، سه‌ره‌تا له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر بكرێت.

بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، باس له‌وه‌ ده‌كات، ئێستا كه‌شێكی ئه‌رێنی هاتووه‌ته‌ ئارا و پێویسته‌ كه‌ركووک بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ دۆخی ئاسایی خۆی و ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ناكرێت به‌رده‌وام بێت.

هاوكات دووپات له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هیچ مساوەمەیێک لەسەر كوردستانی بوونی ناسنامەی كەركووک ناكەن و دەبێ كەركووک ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ یەكتر بژیین.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی بارزانی:

"بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

كێشەی كەركووک تەنیا گرفتی سیاسیی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسیی نێوان چەند لایەن نییە، لە ڕاستیدا كێشەی كەركووک بابەتێكی مێژوویی و سیاسی و كۆنە لە هەمانكاتیشدا فرەڕەهەند و گەوەریە.

بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر كەركووكدا هاتووە و لەبەر پێویستیی ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەت كردنی خەڵكی كەركووک و هەروەها چارەسەركردنی كۆی كێشەكان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركووک بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركووک بێت.

ئێستا كەشێكی ئیجابی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و ئەوەیش دەرفەتێكی زۆر باشە كە بە سوودوەرگرتن لەو كەشە ئیجابییە گرفتە ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركووكیش چارەسەر ببێت و لە چوارچێوەی دەستووردا كەركووک بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. چوونكە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە كەركووک هەیە ناكرێ بەردەوام بێت.

ئێمە ئێستا و پێشتریش ڕامان وا بووە كە هیچ مساوەمەیێک لەسەر كوردستانی بوونی ناسنامەی كەركووک ناكەین و دەبێ كەركووک ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ یەكتر بژین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64962

Your Comment

You are replying to: .
captcha