فارن پاڵسی: ئه‌ورووپا جێگای خاڵیی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا پڕ ده‌کاته‌وه‌

به‌شی جیهان- گۆڤاری فارن پاڵسی له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌ی متمانه‌پێکراوه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند:‌ دوای ڕه‌زامه‌ندیی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بۆ ناردنی هێزی زیاتر به‌ره‌و سووریا چه‌ندین وڵاتی بالکان و بالتیکیش ئاماده‌ییی خۆیانیان بۆ ناردنی ده‌یان هێزی سه‌ربازی بۆ ئه‌و وڵاته‌ ده‌ربڕیوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مریکا ته‌نها وڵاتێکی ڕۆژئاوایه‌ که‌ به‌ شێوه‌ی فه‌رمی ڕای‌گه‌یاندووه‌ 2 هه‌زار بۆ 2 هه‌زار و 500 هێزی له‌ سووریا هه‌یه‌. ده‌وترێت که‌ دوو وڵاتی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا هه‌ریه‌کیان 200 بۆ 300 هێزیان له‌ سووریا هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌ شێوه‌ی فه‌رمی هیچ ئاماژه‌یێکیان به‌ هه‌بوونی هێزه‌کانیان له‌ سووریا نه‌کردووه‌.

مانگی دیسێمبێری ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ڕای‌گه‌یاند ده‌یهه‌وێت هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا بکشێنێته‌وه‌. زۆربه‌ی ئه‌و هێزانه‌ له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا که‌ نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی ئه‌و وڵاته‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ جێگیر بوونه‌. زستانی ڕابردوو سه‌رۆکی ئه‌مریکا داوای له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپی کرد که‌ هێز بۆ سووریا بنێرن بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی هێزه‌کان له‌ سووریا پاش کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌و وڵاته‌ له‌ هه‌زار بۆ 1200 که‌س که‌متر نه‌بێته‌وه‌. ئامانج له‌ ڕه‌وانه‌کردنی هێز پڕکردنه‌وه‌ی جێگای خاڵیی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ سووریا ڕاگه‌یێندراوه‌.

دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا به‌ شێوه‌ی فه‌رمی ڕای‌گه‌یاند که‌ هێز ڕه‌وانه‌ی سووریا ناکات به‌ڵام گۆڤاری فارن پاڵسی له‌ زاری چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ئاگاداره‌وه‌ ڕاپۆرتی دا که‌ ژماره‌یێک له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپی ڕه‌زامه‌ندیی خۆیانیان له‌گه‌ڵ ناردنی هێز بۆ باکووری سووریا ده‌ربڕیوه‌ له‌وان به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا. سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌کان به‌و گۆڤاره‌یان وتووه‌ که‌ پاریس و له‌نده‌ن ڕه‌زامه‌ندییان ده‌ربڕیوه‌ که‌ 10 بۆ 15 له‌سه‌دی هێزه‌کانیان له‌ سووریا زیاد بکه‌ن.

به‌رپرسێکی ئه‌مریکی به‌و گۆڤاره‌ی وتووه‌ که‌ هه‌واڵی ناردنی هێزی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بۆ سووریا دروسته‌ و ئه‌و دوو وڵاته‌ ڕه‌زامه‌ندییان ده‌ربڕیوه‌ 10 بۆ 15 له‌سه‌دی هێزه‌کانیان له‌ سووریا زیاد بکه‌ن. ژماره‌یێکی دیکه‌ له‌ وڵاتانیش ده‌یانهه‌وێت هێزی زیاتر بۆ باکووری سووریا بنێرن به‌ڵام ڕایان‌گه‌یاندووه‌ که‌ ده‌بێ ئه‌مریکا هه‌زینه‌ی ئه‌و هێزانه‌ قبووڵ بکات.

به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ به‌رپرسه‌که‌ی ئه‌مریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ هێشتا واده‌ و ژماره‌ی هێزه‌ ڕه‌وانه‌کراوه‌کان بۆ سووریا دیار نییه‌ به‌ڵام ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ واشنتۆن نه‌یتوانیوه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ هاوپه‌یمانانی ئه‌ورووپیی خۆی بهێنێت که‌ هێز و سه‌رچاوه‌ی پێویست بۆ سووریا بنێرن.

ژماره‌یێک سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ ڕایان‌گه‌یاندووه‌ که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا، چه‌ندین وڵاتی بالکان و بالتیک له‌ ئه‌ورووپا هێز ڕه‌وانه‌ی سووریا ده‌که‌ن و ناردنی هێز بۆ ئه‌و وڵاته‌ له‌سه‌ر داوای ئه‌مریکا و به‌ مه‌به‌ستی پڕکردنه‌وه‌ی جێگه‌ی خاڵیی هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌یان له‌ سووریا.

گۆڤاری فارن پاڵسی هه‌نگاوی ئه‌ورووپا بۆ ناردنی هێز به‌ره‌و سووریا به‌ سه‌رکه‌وتنێک بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری وه‌سف ده‌کات به‌ڵام ته‌ئکیدی کردووه‌ که‌ ئه‌و هێزه‌ی ڕه‌وانه‌ی سووریا ده‌کرێت ناتوانێت به‌ ته‌واوه‌تی بۆشاییی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌و وڵاته‌ پڕ بکاته‌وه‌. سه‌رچاوه‌یێکی ئاگادار به‌ فارن پاڵسی وتووه‌ که‌ به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا هه‌ریه‌کیان 200 بۆ 300 هێزیان له‌ سووریا جێگیر کردووه‌. ئیتالیاش ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ به‌مزووانه‌ واشنتۆن له‌ بڕیاره‌که‌ی بۆ ناردن یان نه‌ناردنی هێز به‌ره‌و سووریا ئاگادار ده‌کاته‌وه‌.

گۆڤاری فارن پاڵسی ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ هێزه‌کانی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا له‌ سووریا به‌شێک له‌ هێزی تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه دێنه‌ ئه‌ژمار و له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ نهێنییه‌کاندا به‌شداری ده‌که‌ن به‌ڵام باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ ئه‌مریکا وه‌ڵامی پرسیارێکی له‌وباره‌ی‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌ و وته‌بێژی باڵیۆزخانه‌ی فه‌ڕه‌نساش ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌م وڵاته‌ هێزی له‌ سووریادا نییه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64899

Your Comment

You are replying to: .
captcha