کوردپرێس:
محەمەد ساڵح نیکبەخت پارێزەری ناسراوی کوردستانی ئێران کە لە تارانەوە بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی دادگایی کردنی ئەندامانی داعش سەردانی شاری عامودای کردووە کە سەر بە قامیشلۆیە لە کوردستانی سووریا.
نیکبەخت گفتوگۆیێکی لەگەڵ یەک لە تەلەڤزیۆنەکانی ئەو ناوچەیە کردووە و لەبارەی دادگایی کردنی ئەندامانی داعشەوە وتوویەتی لەناوبردن و یەکلاکردنەوەی کێشەی داعش سەرئێشەی گەورەی بۆ کورد دروست کردووە. ئێستا نزیکەی 15 هەزار چەکداری داعش بە بنەماڵەکانیانەوە بە دیلی لای هێزە کوردییەکانی سووریا ڕاگیراون. ڕاگرتنی ئەو حەجمە بەندکراوەیش کارێکی ئەستەمە. ئەگەر ئازاد دەکرێن ئەوا مەترسی و هەڕەشە دروست دەکەن ئەگەریش دادگایی نەکرێن دوور نیە کەسی بێتاوانیان تێدا بێت.
ئەو یاساناسە کوردە ئێرانییە سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەو کۆنفڕانسەش دواوە و وتوویەتی کۆنفڕانسەکە دوو ئامانجی سەرەکی دەپێکێت کە 20 تەوەر لە خۆ دەگرێت: یەکەم ئەوەی ئەندامانی داعش چۆن دادگایی بکرێن و دووهەم ئەوەی کێ شایستەی ئەوەیە دادگاییی ئەو ئەندامانەی داعش بکات.
نیکبەخت گوتیشی: کورد لە شەڕی داعشدا مامەڵەی ئینسانیی کرد و هەر بەو پێیەش شایستەی ئەوەیە کە لە کوردستانی سووریا ئەندامانی داعش دادگایی بکات. کۆمەڵگەی دەولییش ڕای ئیجابییان لەو بارەیەوە هەیە.
ناوبراو زیادی کرد: لە پەیڕەوی دەولی و بەتایبەتی لە یاسا چوارینەکەی ژنێڤدا چەند بڕگەیێک هەن کە باسی دادگایی کردنی تیرۆریۆمی نێودەوڵەتی دەکەن و نموونەی پێشووتریش لەو بارەیەوە لەبەردەستدایە. بۆ نموونە ڕواندا و یۆگسلاویی پێشوو کە دادگای نێودەوڵەتییان بۆ پێکهێنرا و ئەو تاوانبارانەی دەستیان لە کۆمەڵکوژی و تیرۆردا بوو دادگایی کران.
Your Comment