کوردپرێس:
لە کۆنەوە ههرێمی کوردستان لەلایەن میرنشینەکانی سۆران و بابان و بادینان و ئەردەلانەوە دەسەڵاتی سەربەخۆیی بۆ ماوەیێکی کاتی هەبووە. لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و جوگرافی ئەم ئیماراتانەی کورد لەناو چوون.
لە کانوونی دووەمی 1918 شێخ مەحموودی حهفید داوای پاڵپشتی ئینگلیزی کردووە بۆ دامەزراندنی حکوومەتی کوردستانی جنوبی، لە ماوەی 1919-1922ئەم حکوومەتە راگەیێندراوە، بەڵام دوای ئەوە لەناو براوە.
بارزانییەکان لە ساڵی 1929 داوای سەربەخۆییی ناوچە کوردییەکانی کرد و تا ئەوەی شۆڕش دژی دەسەڵاتی بەغدا دەست پێدەکات، هەروەها مەلا مستەفای بارزانی بۆ بەدیهێنانی ئاواتی گهورهی دەوڵەتی کوردی لە ساڵی 1945 بۆ بەشداری­کردن لە کۆماری کوردستان- لە مەهەباد دەچێتە کوردستانی ئێران و هاوکاریی پێشەوا قازی محەمەد دەکات بۆ سەرخستن و بەردەوام بوونی کۆماری کورستان. ئەمەش تاکوو ساڵی 1946 درێژە دەکێشێت و دوای ڕووخانی کۆماریش لەگهڵ پێشمهرگهکانی دوای چهندین نهبهردی مێژوویی له سنوورهکانی ئێران و عێراق و تورکیادا دواجار خۆیان گهیانده رووباری ئاراس و به پهڕینهوهیان خۆیان گهیانده ناو خاکی یهکێتیی سۆڤییهتی جاران و دوای سهرکهوتنی شۆڕشی عێراق له ساڵی 1958 گهڕانهوه.
دوای خۆ دزینهوهی حکوومهتهکهی عهبدولکهریم قاسم له بهڵێنهکانی بهرامبهر کورد، لە مانگی ئەیلولی 1961شۆڕشی کورد ههڵگیرسایهوه. ئەو شۆڕشە کە تاکوو ئازاری 1970 درێژەی کێشا، بە گەورەترین شۆڕشی چەکداریی کوردستان دادەنرێت و لە ئاکامیشدا شۆڕش توانیی بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی دهسهڵاتدارانی ئهوسای عێراق ناچار بکات مل بداتە رێککەوتنامەی ئاداری 1970 و بۆ یەکەمین جار دان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد بنرێت و "ناوچهی ئۆتۆنۆمیی کوردستان" راگهیهندرا. ئەم بارودۆخەش تاکوو ساڵی 1974 کێشا و کاتێک دهسهڵاتدارانی بهغدا رێککهوتنی یازدهی ئاداریان پێشێل کرد و بێ گوێدانه بهڵێنهکانیان بهشێوهیێکی یهکلایهنه سنووری ناوچهی ئۆتۆنۆمییان دهستنیشان کرد و کهرکووک و بهشێکی زۆری ناوچه کوردنشینهکانی دیکهیان خسته دهرهوهی ناوچهی ئۆتۆنۆمی، جارێکی دیکه شۆڕش دەستی پێکردەوە و ئەمجارە لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا لە ڕێگەی رێککەوتنی جەزائیر شۆڕشی ئهیلوول تووشی نسکۆ هات.
جارێکی دیکە لە ماوەیێکی کورتدا، شۆڕشی گولانی پێشکەوتنخواز لە 26مانگی ئایاری 1976دا دەستی پێکردەوە و حزبه کوردستانییهکان له خهبات بهردهوام بوون و دواتر بۆ یهکخستنی تواناکان ههوڵهکانی ئیدریس بارزانی که به ئهندازیاری ئاشتبوونهوهی گشتی ناسراوه، هاته بهرههم و له ساڵی 1988 بهرهی کوردستانی پێکهێنرا و له راپەڕینی ئاداری1991 کۆتایی بەدەسەڵاتی داگیرکاریی بەعسییەکان لە هەرێمی کوردستان هێنرا.
کورته مێژووی پێکهاتنی حکوومەتی هەرێم لە سەرەتاوە تا کابینەی نۆیەم
ساڵی 1991 خەڵكی كوردستان بەئامانجی رزگاربون لە زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس راپەڕینیان کرد، بەهیوای ئەوەی دەسەڵاتێكی خۆماڵی كوردی خزمەتیان بكات، لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 19ی ئایاری ساڵی 1992 یەكەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا، پێنجی تەمموزی هەمان ساڵیش وەزیرەكانی یەكەم كابینەی حكوومەت لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاساییان خوارد و تا ئێستا پێنج جار هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە و هەشت کابینەی وزاری پێکهینراوە.
کە وا بوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردستان دامەزراوە، کە یەکەمین پەرلەمانی هەڵبژێردراو بووە بەشێوەیێکی دیموکراتی لە کوردستان و عێراق لە دوای دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە توندوتیژیەکانی ڕژێمی پێشووی بەعسی عێراق لە ساڵی 1991.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 دوو کابینەی جیای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2006 یەکیان گرت بۆ پێکهێنانی کابینەی پێنجەم، کە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆک وەزیران ڕابەرایەتیی دەکرد. کابینەی پێنجەم ڕێگە خۆشکەری چەندین پرۆژە و سیاسەتی بێ­هاوتا بوو کە لە ساڵانی پێشوودا بوونیان نەبوو وەک دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، گرتنەدەستی سیاسەتێکی دەستپێشخەری نەوت و گاز، بنیاتنانەوەی ژێرخانی هەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرمایەی زیاتر بۆ پڕۆژەکانی کومەڵایەتی و ئابووری لە هەرێم.
کابینەی شەشەم، کە بەڕێز دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح ڕابەرایەتیی دەکرد، چەندین دەستکەوتی­تری خستەسەر سەرکەوتنەکانی کابینەی پێنجەم، بە پەرەپێدانی چەندین کەرتی ناوخۆ وەک نیشتەجێبوون و خوێندنی باڵا و شەفافیەتی حکوومەت.
هەرەها کابینەی حەوتەم چەندین دەستکەوتی ستراتیژیی بەدەست هێناوە کە گرنگترینیان پەرەپێدانی کەرتی نەوت وگاز و گەشەی خێرای وەبەرهێنانی دەرەکی بوو. کابینەکانی پێشوو چەندین پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە لە پێشکەش­کردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتیان لەوانەش دابین­کردنی کارەبا و پەرەپێدانی ژێرخانی و چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە و بەرزبوونەوەی بێوێنە لە بەشی داهاتی تاکەکەسی لە بەرهەمی خۆماڵی گشتی وگەشەسەندنی ئاستی بژێوی ژیان.
لەو سەردەمەشدا کە دوکتور بەرهەم سەرۆکی حکوومەت بوو سەرۆکایەتیی حکوومەت لای یەکێتی هیچ کاریگەریی نەکردە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و ڕەوتی سیاسی لەو ناوچانەدا هەر وەک خۆیەتی و ئەتوانین بڵێین پارتی خۆی حاکمی ناوچەکانی خۆی بوو.
وا دەردەکەوێت ڕێککەوتنێکی پێشوەخت کرابێت لە نێوان نێچیرڤان و مەسرووردا بەوەی کە یەکەمیان خۆی ئامادە کات بۆ جێگرتنەوەی مامی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمدا و دووەمیشیان سەرۆکایەتیی حکوومەت و پاشان بوونە سەرۆکی پارتی دوا باوکی.
گۆڕدرانی سەرۆکایەتیی حکوومەت لە کابینەی حەوتەم و لە سەروبەندی بەهاری عەرەبیدا سیاسەتێکی گونجاو بوو کە دوور نیە بە ڕێککەوتنی ژێربەژێری نێوان یەکێتی و پارتی کرابێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان هەست بکەن ئەوە حکوومەتێکی تازەیە و گۆڕان و شتی تازە لەگەڵ خۆی ئەهێنێت دەبێت دەرفەتی ئەوەی بدرێتێ کە چاکسازی بکات. لە ڕاستیدا حکوومەتی هەرێمی لە مەترسیی ئەوە پارێزرا کە مەبادا لە ژێر کاریگەریی بەهاری عەرەبیدا خۆپیشاندان یان کێشەیێکی لەو شێوەیە لە کوردستان ڕوو بدات.
رۆژی 21ی ئهیلولی 2013 ههڵبژاردن بۆ پهرلهمانی ههرێمی كوردستان ئەنجام درا، دوای 270 رۆژ كابینهی ههشتهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە (18/6/2014) بە دروشمی سەرەکیی یەکلاکردنەوەی مادەی 140 و کارکردن لە پێناو خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییانی هەرێم پێكهات.
لە کابینەی هەشتەمدا ناکۆکی و لێکترازان و ململانێی نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان شەپۆلی دەدا. مەرگی دوو سەرکردەی کاریزماتیکی یەکێتی و گۆڕان، دەرکرانی گۆڕان لە پەرلەمان، گرفتی قووڵی بەغدا و هەولێر لەسەر مەلەفی نەوت، بڕانی قووتی خەڵکی هەرێم و کێشەی مووچە و بودجە، سەرهەڵدانی جووڵانەوەی نوێ و قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و ڕووداوەکانی کەرکووک و گۆشەگیرکرانی هەرێم بەبۆنەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و دەیان و بگرە سەدان گرفت و کێشەی قووڵی دیکەی هەرێمیش و ناوچەکەش وای کرد کە دەتوانین کابینەی هەشت بە کابینەی قەیران ناوزەد بکەین و لێرە مەجال نابێت هەموو ئەو کێشانە باس بکرێن.
بە هەموو ئەمانەشەوە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم لە هەر هەشت کابینەکەی پێش خۆی ئاڵۆزترە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جگە لە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو سێ حیزبەی کە پێدەچێت پێکهێنەری کابینەی نۆیەم بن، ئەم چوار حیزبە واتە پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەناو خۆشیاندا ناکۆکیی قووڵ هەیە لەسەر چۆنیەتییی پێکهێنانی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستەکان.
لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی پێشوودا کێشەی سەرەکی لەنێوان حیزبەکان و پشکیان لە حکوومەتدا بوو، کە ئەمەش دواجار لەنێوان کەسی یەکەمی حیزبەکاندا رێککەوتنی لەسەر دەکرا، بۆ نموونە لە کابینەکانی پێنج و شەش و حەوتدا جگە لە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی، هەر کێشەیەکیش هەبوایە، دواجار جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بارزانی لە دانیشتنێکدا یان بە تەلەفونێک کاکە و مامەی خۆیان دەکرد و کێشەکەیان یەکلایی دەکردەوە، لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمیشدا کاتێک نەوشیروان مستەفا و مەسعوود بارزانی کۆ بوونەوە، بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر کرا، یەکێتی کە لەو کاتەشدا لەناو خۆیاندا کێشەیان هەبوو، لە هەموو حیزبەکان دواکەوت بۆ یەکلاییکردنەوەی چۆنیەتیی بەشداربوونیان لە کابینەی هەشتەمدا.
بەڵام ئێستا بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم هەر چوار حیزبەکە لە دۆخێکی هاوشێوەی یەکێتیدان لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا و لەناو خۆیاندا دونیایێک کێشەیان هەیە کە رەنگی داوەتەوە لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت.
سەرکردە ناڕازییەکانی گۆڕان بە ئاشکرا دژایەتیی بەشداریکردن لە حکوومەت ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە دواین کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی جڤات نەیتوانی بڕیار لەسەر بەشداریکردن لە حکوومەتدا بدات. هاوکات کۆمەڵێک هەڵسوڕاو و سەرکردەی گۆڕانیش هەن کە پێیان وایە گۆڕان دەبێت لە یەکێتی نزیک بێتەوە و نابێت بەبێ هەماهەنگی و بەبێ یەکێتی بەشداری لە حکوومەتدا بکەن.
لە نێو یەکێتییش بۆ چۆنییەتیی بەشداریکردن لە حکوومەت، یەکێتی بەسەر دوو باڵدا دابەش بووە، باڵی ماڵی تاڵەبانی و باڵی کۆسرەت رەسوڵ، ئەم دوو باڵە لەسەر سێ ئاستدا ناکۆکن و تا ئێستا رێکنەکەوتوون. ئاستی یەکەم: ئاستی پەرلەمانی کوردستانە، دوو باڵەکە ناکۆکیی قووڵیان هەیە لەسەر ئەوەی کێ کاندید بکەن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، کاندیدی باڵی ماڵی تاڵەبانی بێگەرد تاڵەبانییە و باڵی کۆسرەت رەسوڵیش پشتگیری لە ڕێواس فایق دەکەن.
ئاستی دووەم ناکۆکییە لەسەر کۆنگرەی یەکێتی و ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر چۆنییەتی بەشداریکردنی یەکێتی لە حکومەتدا، کۆسرەت رەسوڵ داوا دەکات هەرچی زووە کۆنگرە ببەسترێت، لە بەرامبەردا باڵی ماڵی تاڵەبانی هیچ پەلەیێکیان نییە لە بەستنی کۆنگرە و پێیانوایە تا پێگەی قوباد تاڵەبانی لە حکوومەتدا یەکلایی نەبێتەوە نابێت کۆنگرە ببەستن.
ئاستی سێیەم: باڵی ماڵی تاڵەبانی دەیانەوێت پۆستەکانی کێشەکانیان لەگەڵ پارتی لە بەغدا و کەرکوک و هەولێر بکەنە یەک پاکێج و بە یەک پاکێچ دانووستان لەگەڵ پارتیدا بکەن، لە دواین کۆبوونەوەی نێوانیشیاندا هەمان داوایان لە وەفدەکەی پارتی کردبوو، بەڵام وەفدەکەی پارتی رازی نەبوون بە داواکەی یەکێتی.
کێشەکان لە نێو پارتیشدا ئەگەرچی زۆر ئاشکرا نین بەڵام حاشای لێناکرێت. ناکۆکییەکانی مەسروور بارزانی و نێچیرڤانی ئامۆزای ئاشکرا بووە. ئەم ناکۆکییانەش کەریگەریی راستەوخۆی بووە لەسەر دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت.
هەموو ئەو ناکۆکییانەی ناوخۆی حیزبەکان بووەتە هۆی ئەوەی هیچ کام لە حیزبەکان کاتێک لەگەڵ یەکتر دادەنیشن بەرچاویان وەک پێویست روون نەبێت، هەربۆیە کۆبوونەوەکان تا ئێستا بەرهەمێکی وای لێنەکەوتووەتەوە.
بە هەموو ئەمانەوە ڕۆژی ڕابردوو یەکێتی و گۆڕان دوا لیستی کاندیدەکانیان ڕاگەیاند و ئومێدی ئەوە گەشایەوە کە لە ماوەی یەک هەفتەی داهاتوودا کابینەی نۆیەم بەسەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی یەکلا ببێتەوە و لە پەرلەمان متمانە بە وەزیرەکانی حکوومەت ببەخشرێت.
سەرچاوەکان:
ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
http://cabinet.gov.krd/p/page.aspx?l=13&s=030000&r=331&p=242&t=0&h=1
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان
http://www.kdp.info/p/p.aspx?p=14&l=13&s=000000&r=348
ماڵپەڕی سبەی
https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=11716
د. عەبدوللا غەفور، ئەتنۆگرافیای باشووری کوردستان.
پەیسەر پرێس:
https://www.peyserpress.com/detail/503
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment