عێراق 200 ملیۆن دۆلار قه‌رز بۆ چاککردنی کارەبا له‌ بانکی نێوده‌وڵه‌تی وەردەگرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری دارایی و جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕای‌گه‌یاند که‌ بۆ باشترکردنی کاره‌با له‌ ناوچه‌کانی باشووری عێراق، وه‌زاره‌تی دارایی ڕێککه‌وتنێکی بۆ وه‌رگرتنی 200 ملیۆن دۆلار به‌ قه‌رز له‌ بانکی نێوده‌وڵه‌تی واژۆ کردووه‌.

کوردپرێس:

نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروباری ئابووری وه‌زیری دارایی له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاندووه‌: له ‌چوارچێوه‌ی جێبه‌جێ كردنی پلان و پڕۆگرامی حكوومه‌ت بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سوود وه‌رگرتن له‌ پسپۆڕی و شاره‌زاییی ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 7ی ته‌مووزی 2019 د. فوئاد حوسێن جێگری سه‌رۆک وه‌زیران بۆ كاروباری ئابووری- وه‌زیری دارایی ڕێككه‌وتنی پرۆژه‌ی پێشخستنی سیسته‌می كاره‌بای له‌ پارێزگاكانی باشووری عیراق له‌گه‌ڵ خاتوو یارا سالم نوێنه‌ری بانكی نێوده‌وڵه‌تی ئیمزا كرد.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌: بۆ باشترکردنی کاره‌با له‌ ناوچه‌کانی باشووری عێراق، وه‌زاره‌تی دارایی ڕێککه‌وتنێکی بۆ وه‌رگرتنی 200 ملیۆن دۆلار به‌ قه‌رز له‌ بانکی نێوده‌وڵه‌تی واژۆ کرد و ڕێککه‌وتنه‌که‌ له‌ چوارچێوه‌ی کاری هاوبه‌شدایه‌ له‌گه‌ڵ بانکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاڵپشتیی پڕۆژه‌کان و پێشکه‌ش کردنی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتییان به‌تایبه‌ت پاڵپشتی کردنی پڕۆژه‌کانی کاره‌با له‌ پارێزگاکانی باشووری عێراق.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌که‌دا باس له‌وه‌ کراوه‌: "عێراق کێشه‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با نییه‌ به‌ڵکوو کێشه‌ی له‌ گواستنه‌وه‌ و دابه‌شکردنی هه‌یه‌ و ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ش له‌ بواری چاره‌سه‌رکردنی به‌شێکی کێشه‌کانه‌ له‌ پارێزگای به‌سره‌ و پارێزگاکانی هاوسێی".

هاوكات یارا سالم نوێنه‌ری بانکی نێوده‌وڵه‌تی ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ پڕۆژه‌که‌ خزمه‌تی پارێزگاکانی باشووری عێراق ده‌کات که‌ به‌ده‌ستی کێشه‌ی دابه‌شکردن و گواستنه‌وه‌ی کاره‌باوه‌ ده‌ناڵێنن به‌تایبه‌ت پارێزگاکانی به‌سره‌، زیقار، موسه‌ننا و میسان .

له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ ماوه‌ی جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌که‌ پێنج ساڵه‌ و بڕی قه‌رزه‌که‌ش که‌ 200 ملیۆن دۆلاره‌، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 10 بۆ 15 ساڵدا بدرێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64840

Your Comment

You are replying to: .
captcha