بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمەریکا ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند 2000 هێزی خۆی لە باکووری سووریا دەکشێتەوە و داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کرد هێز ڕەوانەی ئەو ناوچانە بکەن تا ڕێگر بن لە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردانی سووریا.
هەواڵدەریی دی پی ئەی-ی ئەڵمانیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند جەیمز جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کراوباری سووریا بە فەرمی داوای لە حکوومەتی ئەڵمانیا کردووە هێزی وشکێنی ڕەوانەی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان لە باکووری سووریا بکات.
جەیمز جێفری داوای لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا کردووە ڕاوێژکاری سەربازی و کارناسی لۆجستی ڕەوانەی باکووری سووریا بکات.
ناوبراو بە بەرپرسانی ئەڵمانیای وتووە: ئێمە داوا لە بەرلین دەکەین هێزی وشکێنی ئەڵمانیا وەکوو جێگرەوەی هێزە ئەمریکییەکان ڕەوانەی سووریا بکات و تا کۆتایی ئەم مانگە وەڵامی داخوازییەکە بداتەوە.
جەیمز جێفری هەروەها پاش دانووستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانی لە بەرلین وتی: ئێمە هەروەها داوا لە دیکەی هاوپەیمانەکانی خۆمان دەکەین هێز ڕەوانەی باکووری سووریا بکەن. ئێمە بڕوامان وایە کە لە کۆتاییدا سەردەکەوین.
دۆناڵد ترەمپ بەنیازە ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا وەکوو لەمپەڕێک لە نێوان کوردەکانی سووریا و تورکیا دابمەزرێنێت بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە هێز ڕەوانەی سووریا بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment