شوێنه‌واری بابلییه‌كان خرایه‌ ليستى شوێنه‌ كه‌له‌پوورییه‌كانی جیهان/ بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لێژنه‌ی كه‌له‌پووری نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، شوێنه‌واری مێژوویی بابلییه‌كانی خسته‌ لیستی كه‌له‌پوور و شوێنه‌واره‌ جیهانییه‌كان سەرۆککۆماری عێراقیش بەو بۆنەیەوە پەیامێکی پیرۆزباییی دەرکرد.

کوردپرێس:

کۆبوونەوەی لێژنه‌ی كه‌له‌پووری نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان به‌ڕێوه ‌چوو، شاندی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌كه‌ ئاماده‌بوون و به‌ میدیا عێراقییه‌كانیان راگه‌یاندووه‌، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی كه‌له‌پوور به‌ كۆی ده‌نگ، شوێنه‌واری بابلییەکانیان خستووه‌ته‌ لیستی كه‌له‌پووری جیهانی.

هاوكات به‌رپرسانی رێكخراوی یونیسكۆ، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقییان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ تاوه‌كوو ساڵی 2020 سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی ئه‌م نازناوه‌ بۆ شاری بابل به‌دی بهێنن.

بەبۆنەی تۆمارکردنی شاری بابل لە لیستی شوێنەوارەکانی جیھانیدا، سەرۆک کۆماری عێراق لە بروسكەیێكدا پیرۆزباییی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق کرد.

بڕیارەكەی یونسكۆ دوای ئەوەدێت، رێكەوتی 25-2-2019 بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق سەردانی رێكخراوی یونسکۆی کردو داوای له‌ یونسكۆ كرد هه‌وڵ بدات کە شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی شاری بابل له‌ لیستی شوێنه‌وارە مێژووییەکانی جیهاندا تۆمار بكرێت.

شوێنه‌واری بابلییه‌كان، مێژووی شارستانی وڵاتی بابلییه‌كان بووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌، كه‌ پێیده‌گوترێت "بلاد مابین النهرین".

پێشتر رێكخراوی یونیسكۆ، شاری بابلی خستبووه‌، نێو لیستی كلتووری جیهانی، به‌ڵام له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، ناوه‌كه‌ی سڕییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی گۆرینی به‌ شێك له‌ سیماكانی شاره‌كه‌.

ئه‌و شوێنه‌واره‌ كه‌له‌پووری و مێژووییه‌ی عێراق، رووبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی 10 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ ده‌بێت و به‌ دووریی 100 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشووری به‌غدای پایته‌خت.

به‌ گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كانیش، له‌ ساڵی 1983ـه‌وه‌ عێراق پێنجه‌م جاره‌ هه‌وڵده‌دات ئه‌و شوێنه‌ مێژووییه‌ بخاته‌ لیسته‌كه‌ و ئه‌مڕۆش ئه‌و شوێنه‌ كه‌له‌پوورییه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 5ی ته‌ممووزی 2019، خرایه‌ لیستی شوێنه‌واره‌ كه‌له‌پوورییه‌كانی جیهان.

News Code 64774

Your Comment

You are replying to: .
captcha