کوردپرێس:
ڕۆژانی سێشەمە و چوارشەمە 11 و 12ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 2 و 3ی تەمووزی 2019 بە بەشداریی ژمارەیێکی فراوان لە مامۆستایانی زانکۆ و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و لایەنگرانی فەرهەنگ و کولتووری کوردی کۆنگرەی ناودارانی کورد لە سەر ئەرکی ئیدارەی پارێزگای کوردستان و دایرەی ڕۆشنبیریی ئەو پارێزگایە لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.
هەموو کۆنگرە و کۆنفڕانس و ڕووداوێکی فەرهەنگی و زانستی لە هەر ئاستێکدا بەڕێوە بچێت کۆمەڵێک پەراوێز بەدوای خۆیدا دەهێنێت. کۆنگرەی ناودارانی کوردیش قسەوباس و ڕەهەندی جیاجیای لێکەوتەوە. هەر لە مانشێتی کۆنگرەکەوە بگرە هەتا تۆران و زیزبوونی چەند بانگهێشتکراوێک و تێبینییەکان لەسەر ژمارەی ئەو کەسانەی هەڵبژێردراون و پێوەرەکانی پاڵاوتنی کەسایەتییەکان و دیکۆرات و هۆڵی تەسکی ڕێوڕەسمەکە و زیادەڕۆیی لە سەر یەک کەسایەتی و پەراوێزخرانی زۆر شتی گرینگ و بەرجەستە و ... ئەمانە هەموو تێبینییەکان نین بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدەین چەند خاڵێک لەبارەی کۆنگرەکەوە بخەینە ڕوو کە هەردوو ڕەهەندی ئیجابی و نەرێنیی ئەو کۆنگرەیە لە خۆ دەگرێت.
ڕەهەندە ئیجابییەکانی کۆنگرەی ناودارانی کورد
یەکەم: کۆ کردنەوەی کەسایەتییە بەرزەکانی کورد لە هەر ئاست و لە هەر ژمارەیێکدا بێت لای جەماوەر خۆشە و دیارە پێکهاتەکان حەز و گەورەیی و شەرەفی خۆیان لە سیمای پیاوەگەورەکانیاندا دەبیننەوە.
دووهەم: ئەرکی پاڵاوتنی کەسایەتییەکان درا بە ناوەندێکی ئامادیمیک و کەسایەتییە زانستییەکانی زانکۆی کوردستان بەپێی پێوەری دیاریکراو لە لیژنە زانستییەکان ئەرکی پاڵاوتنی کەسایەتییەکانیان ڕاپەڕاند و سێ کەسایەتیی مەقبووڵی مەدەنی و ئاکادیمیک وەکوو دوکتور بەختیار سەجادی سەرۆکی بەشی ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان و دوکتور بێهرووز چەمەن ئارا سەرۆکی توێژینگەی کوردستانناسی و بەڕێز عەدنان بەرزنجی بەڕێوەبەری ڕاژە وەک کارگێڕ و بڕیاردەر و بەرپرسی نووسینگەی کۆنفڕانسەکە دەوری باشیان بینی و ئەرکەکە بە دروستی درابوویە خاوەن پسپۆڕیی تایبەت.
سێهەم: بەرپرسانی فەرمی لە ئاستێکی قبووڵکراودا بەشدارییان کرد. یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران و نوێنەری ڕێبەری باڵای ئێران و وەزیری ڕۆشنبیریی ئێران و پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری سەرۆککۆماری عێراق لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەڕێوەبەری دایرەی ڕۆشنبیریی کوردستان و قایمقام و مودیرعامەکان و مامۆستایانی زانکۆ و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و فەرهەنگی نموونەی ئەو کەسانە بوون بەشداریی کۆنگرەکەیان کردبوو.
چوارەم: بەکارهێنانی شوێنە مێژووییەکانی سنە بۆ بەرنامەکانی پەراوێزی کۆنگرەکە وەکوو ئەمارەتی خەسراوا و یانەی کورد خاڵێکی پۆزەتیڤ بوو ئەگەرچی تێبینی و ڕەخنەی تایبەتیش لەسەر ئەو مەسەلەیە هەیە.
پێنجەم: پەنێلە زانستییەکان کە بە سەر سێ بەشی جیاوازدا دابەش بووبوو: هونەر و مۆسیقا، ئەدەب، ئایین و فەرهەنگ. بۆ هەر یەکەو لەو سێ پەنێلە بەڕێوەبەری لێهاتوو هەڵبژێردرابوو و وتاربێژانیش لە بواری تایبەتی خۆیاندا وتاریان پێشکەش کرد.
شەشەم: ڕووماڵکرانی کۆنگرەکە لە ئاستێکی فراوان لە میدیا و ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنەکان لە تەلەڤزیۆنی کەناڵی کوردستانەوە هەتا تەلەڤزیۆنی ڕووداو کە ڕاستەوخۆ ڕووماڵی ڕێوڕەسمی کرانەوەی کۆنگرەکەیان کرد. هەروەها ئاژانسەکانی هەواڵ و وێنەگران و هەواڵنێران تامەزرۆی ڕووماڵی ئەو ڕووداوە فەرهەنگییە بوون ئەگەرچی قوسووراتی زۆر لەو بارەیەوە کراوە و لە بەشی دووهەمدا باسی دەکەم.
خاڵە نەرێنییەکانی کۆنگرەی ناودارانی کورد
یەکەم: مانشێتی کۆنگرەکە لەباری تێرمینۆلۆجییەوە چەند هەڵەی زەقی تێدا بوو. یەکەم ئەوەی وشەی (elites) بە ناودار تەرجەمە کراوەتەوە و فارسییەکەشی بە "مشاهیر" نووسراوە کە خۆی لە خۆیدا وەرگێڕانێکی سەقەتە. دیارە (elites) مانای سێلێبرەێت و ناودار نیە بەڵکوو زیاتر وشەی نوخبە و هەڵکەوتوو بۆ تەرجەمەی ئەو وشە ئینگلیزییە گونجاوە. جوونکە ڕەنگە کەسایەتیی ناودار و ناسراو لە کۆمەڵگا هەبێت بەڵام ناو دەرکردنەکەی بە هۆی فەزیلەت یان هونەر یان مەسەلەیێکی مەقبووڵ و مەشرووع و حەزپێکراو نەبێت و بە هۆی شتێکی نەخوازراو و ناشیرینەوە ناوی دەرکردبێت. خاڵی دووهەم لە مانشێتەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆی مانشێتەکە: "کۆنگرەی ناودارانی کورد" بەم مانشێتەدا خوێنەر وا تێدەگات کە لەو کۆنگرەیەدا دەبێت هەموو ناودارانی کورد خەڵات بکرێن. ڕوونکردنەوەکەش لە پۆستەری کۆنگرەکەدا ئەوەی تێدا نووسرابوو کە هەر کوردێک لە هەر شوێنێکی جیهان لە هەر بوارێکدا دەستکەوتی بۆ کورد بەدەست هێنابێت و خزمەتی کوردی کردبێت لێرەدا ڕێزی لێدەگیرێت. جا چ لە بواری مۆسیقا بێت چ زانستی مرۆیی و چ وەرزش و چ لە بواری ئابووریدا بێت و چ لە بواری ئەدەب و مێژوو و فەرهەنگ... دیارە ئەمە ئیدعایێکی سەقەتە و ڕەنگە ئەگەر نەڵێین مەبەستێکی خراپی لە پشتە لانی کەم دەتوانین بڵێین دانەری ئەو مانشێتە لەو ئیدعایەی دەیکات نائاگا بووە. ڕەنگە بە یەک وشە لە سەرەتای مانشێتەکە هەموو شت چارەسەر ببوایە بەم شێوەیە: "یەکەم کۆنگرەی ناودارانی کورد". یان خود ڕەهەندەکانی جیا بکرایەتەوە بۆ نموونە بەم شێوەیە: "کۆنگرەی ناودارانی مۆسیقای کوردی"، "کۆنگرەی ناودارانی ئەدەبی کوردی"... یان هەر ڕەهەندێکی دیکە و لە هەر کۆنگرەیێکدا یەک ڕەهەندی تایبەت باس کرابا.
دووهەم: بەشداریی یەک لە میوانەکانی کۆنگرە هەموو بەشەکانی کۆنگرە و میوانانی پایەبەرزی دیکەی خستە پەراوێزەوە و دیار نیە ئەو زیادەڕۆیییە بۆ چییە. ئایا ئەوە تایبەتمەندیی کوردە کە لە زۆر بابەتدا دەبێت هێندە زێدەڕۆیی بکات کە باقی شتەکان لە بیر بکات. پاش 38 ساڵ هاتنەوەی مامۆستا مەزهەر خالقی کە جێگەی تایبەتی خۆی لە دڵی هونەردۆستانی کوردستاندا هەیە ئەگەرچی ڕووداوێکی گرینگ بوو بەڵام ئەو کەسانەی میوانی کۆنگرەکە بوون هیچیان لە مامۆستا خالقی کەمتر نیە و ئەرکی کوردە هەموو گەورەپیاوەکانی ڕێز لێبگرێت. قیاس کردن و هەڵسەنگاندنی کەسایەتییەکان بە هەڵە ئەزانم بەڵام ناوهێنانی کەسانی وەک شارام نازری و محەمەد عەلی سوڵتانی و عەتا نەهایی و بەختیار عەلی و کەلیموڵڵا تەوەحودی و دیکەی گەورەکان لە تەنیشت ناوی مامۆستا مەزهەر خالقی جوان بوو نەک لە پەراوێزی ناوی ئەو بەڕێزە. ئێستا ئەمانە ئەو کەسانەن کە بانگهێشت کراون و تایبەت بە بواری فەرهەنگ و هونەرن نەخوازەڵا ئەگەر ناوی ئەو کەسانە بهێنرێت کە بانگهێشت نەکراون و لێرە ناوهێنان لە چەند کەس باش نیە.
سێهەم: ئەرکی بەشی زانستیی کۆنفڕانسەکە کەوتبووە ئەستۆی زانکۆی کوردستان و بە پێی وتەی سەرۆکی زانکۆ شەش لیژنەی پسپۆڕ کۆمەڵێک پێوەریان بۆ پاڵاوتنی کەسەکان دانابوو و خوێندنەوەی ورد بۆ کەسایەتییەکان کرابوو. بەڵام شایستەتر ئەوە بوو هەمان لیژنەی زانستی ڕەهەندەکان جیا بکاتەوە و وەکوو پرۆپۆزاڵ یان پێشنیازی لیژنەی زانستی ئاراستەی لایەنی بەڕێوەبەر و بڕیاردەری بکات و مەرجیشیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکە ئەوە بوایە کە قسەکەیان لێ قبووڵ بکرێت. بۆ ئەوەی قوسوورات و خاڵە لاوازەکان بەسەر کۆمەڵگەی زانستیدا نەشکێتەوە.
چوارەم: لە کۆنگرەکەدا ناوی 30 کەسایەتیی کورد خوێندرایەوە کە پاڵێورابوون بۆ ڕێزلێنان. زیاتر لە 20 کەسیان لە دوو بواری مۆسیقا و ئەدەبدا هەڵبژێردرابوون و زۆرینەشیان لە بواری مۆسیقا. ئایا کورد لە بوارەکانی دیکەدا ئەوەندە ناوداری کەمە؟ یان خود بۆچی تەنانەت یەک کەسایەتیی سیاسیی کورد لە نێو لیستەکەدا نەبوو؟ خۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەگەر خەباتە سیاسییەکەشی نادیدە بگرین بە تەنیا ڕۆمانەکەی "سەحەر" کە یەک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان بووە و بە 12 زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوەتەوە ناوی فراوانی دەرکردووە. ئایا شایستەی ئەوە نەبوو لانی کەم نوێنەرێکی بانگهێشت بکرێت و خەڵاتێک بە نوێنەرەکەی بدرێت؟ ئەوە تەنیا یەک نموونەیە. یان خود ئەو پێوەرانە چی بوون کە کەسێکی وەک جەلالی مەلەکشا شایستەی ئەوە نەبوو خەڵات بکرێت؟ ئەوەش لە کاتێکدا زۆینەی پاڵێوراوان لە هونەر و مۆسیقا هەڵبژێردراون. خۆ هەر هیچ نەبێت ڕەهەندە مادییەکەی بەکەڵکی ئەو شاعیرە ورەبەرزە تێشکاوەی کورد دەهات کە لە پەناگوێی کۆنگرەکەدا پەراوێز خرا.
پێنجەم: بەشداریی بەرپرسان ئەگەرچی لە ئاستێکی باشدا بوو بەڵام هەر ئەو بەرپرسانەش ناهەماهەنگی و شپرزەیییان لە مەڕاسیمەکەدا دروست کرد. نوێنەری سەرۆککۆمار دوو جار لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی مەڕاسیمەکەدا دەچێتە ژوورەوە و وتار پێشکەش دەکات. ئەوەش لە کاتێکدا دەیتوانی هاوکات پەیامەکەی سەرۆککۆماریش بخوێنێتەوە و ئەگەر خۆشی قسەیێکی بەکەڵکی هەبوو بیکات. بابەتێکی دیکەش مەسەلەی بەشداریی وەزیری ڕۆشنبیریی ئێرانە. ئەو بەڕێزەش بۆ ماوەی یەک کاتژمێر هات و نوقم بوو. تەنانەت شانازیی ئەوەی بە کۆنگرەکە نەبەخشی کە تا کاتی پێشکەش کردنی خەڵاتەکان لە هۆڵەکە بمێنێتەوە و بیکات بە کارنامە و پێشینە بۆ خۆی و دواتر بەکەڵکی خۆی بێت.
شەشەم: ئاژانسەکانی هەواڵ و میدیا و ڕۆژنامەکان تامەزرۆ بوون ئەو ڕووداوە فەرهەنگییەی شارەکەیان بە شێوەی شایستە ڕووماڵ بکەن بەڵام هێندە بێ سەروبەرەیی و بێ بەرنامەیی لە بواری ڕووماڵکردندا شەپۆلی دەدا کە تیمی پاسەوانانی شەرەف بە خراپترین شێوە سووکایەتییان بە میدیاکاران و وێنەگران کرد و ڕێگەیان پێ نەدان بۆ ڕێوڕەسمی کۆتایی کۆنگرەکە بچنە ژوورەوە. ئەوەش لە کاتێکدا بەڕێوەبەرانی کۆنگرەکە ئاگاداری بابەتەکە بوون و سەیریان دەکرد. کۆنگرەی لەو شێوەیە پێویستی بە کۆمیتە یان لیژنەیێکی تایبەتی ڕووماڵ هەیە و دەبوو کەسێکی شایستە و لێهاتوو و مەقبوول بۆ هەماهەنگی لە بەشی ڕاگەیاندن دەستنیشان بکرێت.
حەوتەم: کۆنگرەکە لە هۆڵی مەولەویی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو. ئەو هۆڵە کەمتر لە 1000 کەس لە خۆ دەگرێت و هەرگیز بۆ کۆنگرەیێکی بەو فیک و فاکەوە شوێنێکی گونجاو نیە. نووسەری ئەم یادداشتە نازانێت کێ پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە کۆنگرەکە لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە بچێت. بەڵام دیارە خاوەنی ئەو بڕیارە بە هەڵەدا چووە و هەمووان ئەوە دەزانین. خۆ هۆڵی سینەما بەهمەن یان خود هۆڵی فەجر هەر بە دەست خودی دایرەی ڕۆشنبیری و ئیدارەی پارێزگارییەوەیە. ئاخۆ چ هۆکارێک و چ پاساوێک پێنراوەتەوە بۆ ئەوەی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە بچێت؟ دەکرا پەنێلە زانستییەکان لە زانکۆ بێت بەڵام خۆ ئەگەر ڕێوڕەسمی کرانەوە و ڕێوڕەسمی کۆتایی لە شوێنێکی گونجاوتر و گەوەتر بووبا بێ گومان کۆنگرەکە شایستەتر دەبوو. جگە لە بچووکیی هۆڵەکە، مەسەلەی دیکۆراتیش خاڵێکی لاوازی دیکەی ئەو کۆنگرەیە بوو. ئەو دیکۆراتەی کرابوو سەرەڕای ئەو هەموو پارەیەی سەرفی کرابوو زۆر ناپیشەیی و ساکار بوو و لەگەڵ تێمی کۆنگرەکە هیچ یەکیان نەدەگرتەوە. خوێندکارانی بنکە و ئەنجومەنە خوێندکارییەکان دیکۆراتی هەرزانتر و گونجاوتریان دروست دەکرد.
هەشتەم: لە ڕۆژی کرانەوەی کۆنگرەکەدا ئاهەنگێک بۆ 35 خوێندکاری بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان گیرا کە یەکەم خوێندکارانی دەرچووی ئەو بەشەن لە کۆلیژی ئەدەب و ئەوەش ڕووداویێکی مێژوویی بوو بۆ فەرهەنگ و کۆمەڵگەی ئاکادیمیکی کورد و شایستەی ئەوە بوو لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا ئەو ئاهەنگەیان بۆ بگیرێت. ئایا نەدەکرا یەک ڕۆژ پێش کۆنگرەکە ئەو ئاهەنگە ڕێکبخرێت؟ یان خود یەک ڕۆژ پاش کۆنگرەکە... مەبەست لەو کارە چی بوو؟ ئەو ڕووداوە فەرهەنگییە گرینگە خرایە پەراوێزەوە و کەمترین ڕەنگدانەوەی لە میدیاکاندا هەبوو. قازانجی کێی تێدا بوو کە ئاوا بخرێتە پەراوێزەوە دیار نیە.
هەموو ڕووداوە فەرهەنگییەکان ئەزموونی باش دەبەخشێتە بەڕێوەبەرانیش و بەردەنگانیش. بەو هیوایەی ئەمە یەکەم کۆنگرە بووبێت و هەموو ناوداران و هەڵکەوتووانی کورد هەر لەو 30 کەسایەتییەدا کورت نەکرابێتەوە بەڵام باش وایە خاڵە بەهێزەکانیش و خاڵە لاوازەکانیش بناسین و لە بڕیارەکانی دواتردا کەڵکیان لێ وەربگرین.
Your Comment