کوردپرێس: ئەمڕۆ چوارشەممە 3-7-2019 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی لەگەڵ فراكسیۆنەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان لە پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی مەسیحی و تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان سوپاسی بارزانییان کرد هەمیشە بەرگری لە مافی پێکهاتەکان کردووە و ئاماژەیان بە پێداگریی ئەو کرد لە نوێنەرایەتی کردنی پێکهاتەکان لەکاتی کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بەر لەڕووخانی رژێمی بەعس و دواتریش رۆڵی دیاری بارزانی لە چەسپاندنی مافی پێکهاتەکان لە دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێکهاتەی ئێستای سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتییان لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا، بارزانی گوتەیێكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و ئاماژەی بەوەدا "پێویستە هەمووان لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا هاوبەش بین، هەمووشمان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین". جەختی کردەوە لەوەی "نابێ بە هیچ پێکهاتەیێک بگوترێت کەمینە و هیچ نەتەوەیێک بە ژمارە ناپێورێت، هەریەکەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەبێ رێز لەو تایبەتمەندییانە بگیرێت".
بارزانی رۆڵی نوێنەرانی مەسیحی و تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان بەرزنرخاند و داوای کرد بەشێوەیێک بەرگریی لە مافی پێکهاتەکان بکەن، کە بەرانبەر دەنگدەرانی خۆیان سەربەرزبن.
بارزانی جەختیشی کردەوە لەوەی لە دەستووری کوردستاندا مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان بەتەواوی دەچەسپێن و رێگە بەهیچ جیاکارییێکی نەتەوەیی و ئایینی نادرێت و هەمووان لە هەرێمی کوردستاندا یەکسان و هاوبەش دەبن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment