پارێزگاری سلێمانی: هەردوو مەرزی سێف و سەیرانبەند دەکرێنەوە/ ئامادەین گەشتی ئاسمانیی نێوان سلێمانی و سنە دەست پێبکەین

بەشی کوردستان- پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند لەبارەی سنووری سێف و سنووری سەیرانبەندەوە قسەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە و بەغدا ڕەزامەندیی دەربڕیوە کە ئەو دوو سنوورەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بکرێنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنە وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە هاوکاریی ئابووری و بازرگانیی زیاتر لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەبارەی دوو دەروازەی سنووری سێف لە سەقز و سەیرانبەند لە بانەش چەندین جار قسەیان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و لە ئەنجامدا بەغدا ڕەزامەندیی دەربڕیوە کە ئەو دوو سنوورە بکرێنەوە.

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی کێشەکانی نەکرانەوەی ئەو دوو سنوورەی کوردستان گوتی گرفتەکان زۆر گەورە نین و چارە دەکرێن و بە زووترین کات هەردوو سنووری سێف و سەیرانبەند دەکرێنەوە.

ناوبراو گوتیشی ئامانجی سەردانەکەی بۆ پارێزگای کوردستان و شاری سنە ئەوەیە پەیمانی دەستەخوشکیی نێوان سنە و سلێمانی واژۆ بکەن و پێداگرن لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان لەبواری ئابووری و بازرگانی و دامەزراندنی شاری پیشەیی و بەرهەمهێنان لە سەر سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.

هەروەهاش هەڤاڵ ئەبووبەکر باسی گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی نێوان سلێمانی و سنەی کرد و گوتیشی بە جیدەوە کار لە سەر ئەو مەسەلەیە دەکەن و لایەنی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ کردنەوەی گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی نێوان سلێمانی و سنە.

پارێزگاری سلێمانی داواشی کرد چەند لقێک لەو بانکانەی لای ئێران جێی متمانەن لە هەرێمی کوردستان بکرێنەوە بۆ ئەوەی بازرگانان لە حەواڵەکردنی پارەکانیان زەرە نەکەن و ئەمنی ئابووری و دارایی دروست ببێت ئەوەش ئاسانکاری بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی زیاتری ئابووریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکات.

هەڤاڵ ئەبووبەکر جەختیشی کردەوە کە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەرگیز لە پێوەندیی ئابووریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کارتێکەر نەبووە و بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دوو لایەنە بە جدیترین شێوە و بە ڕێژەی کارپێکراوی جاران.

News Code 64731

Your Comment

You are replying to: .
captcha