سه‌فین دزه‌یی: ئه‌و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكات نه‌ لۆژیک نه ‌ویژدان قبووڵی ناكات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ ده‌ردیسه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت: "سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی بوونی په‌كه‌كه‌ی بۆ شاندنی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كردووه‌ و ئه‌و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكات نه‌ لۆژیک نه ‌ویژدان قبووڵی ناكات".

کوردپرێس:

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریکا باس له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ڕابردووی شاندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌کات و ده‌ڵێت: "له‌ ماوه‌ی 30 ساڵی ڕابردوودا سه‌ردانێكی له‌و جۆره‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ بۆ عیراق نه‌كراوه‌ به‌ڵام له‌به‌ر كه‌می كات نه‌یانتوانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن بۆیه‌ داوایان كردبوو كه‌ شاندی هه‌رێم له‌ به‌غدا ببینن".

ناوبراو زیادی کرد: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌هۆی كه‌می كات و زۆری ئاماده‌بووان كه‌ هه‌ریه‌كه‌ی پرسیاری خۆی خسته‌ڕوو، به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ وتاره‌كه‌یدا له‌ تابلۆ گشتییه‌كه‌ی باسی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ئاواره‌كانی کرد و باسی له‌وه‌ كرد كه‌ بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شه‌نگال و ئه‌وانیش نیگه‌رانی ئه‌و دۆخه‌ بوون".

وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاشی‌گه‌یاند: "هیچ لۆژیک نییه‌ وڵاتێک خاوه‌ن سه‌روه‌ری بێت ڕێگا بدات كه‌ هێزی چه‌كداری وڵاتێكی‌تر به‌كار بهێنن بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ، دوای ئه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ له ‌ڕۆژی دواتر له‌ میدیاكانیانه‌وه‌ بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چون هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر فڵانه‌ شوێن و ئه‌وه‌نده‌ زیانیان له‌و وڵاته‌ی‌تر داوه‌ به‌ ڕاستی ئه‌وه‌ لۆژیک نییه‌، هیچ وڵاتێک ئه‌وه‌ قبووڵ ناكات بۆ هه‌رێمی كوردستان "مه‌وقیفێكی" زۆر زه‌حمه‌ته‌."

سه‌فین دزه‌یی ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت: "جا په‌كه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر پێی وابێت ئه‌و كرده‌وانه‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دۆزی كورده‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت چوونكه‌ زیانی به‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ گه‌یاندووه‌، حكوومه‌تی عێراقی هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له ‌ڕووی كردارییه‌وه‌ ئه‌و توانایه‌ی نه‌بێت كه‌ هیچ هه‌نگاوێک بنێت که‌واته‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكه‌ن قابیلی قبووڵ نییه‌ و نه‌ لۆژیک و نه‌ ویژدان قبووڵی ناكات."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64728

Your Comment

You are replying to: .
captcha