مەسعوود عەبدولخالق: شەڕی تورکیا تەنیا دژی قەندیل نیە دژی هەموو خەڵکی کوردستانه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی دەڵێت، شەڕی دەوڵەتی تورک تەنها دژی قەندیل نییە، بەڵکوو دژی هەموو خەڵکی کوردستانە.

کوردپرێس:

ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک لە چیای کورتەک-ی بناری قەندیل ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان کردە ئامانج و بەهۆیە سێ کەس شەهیدبوون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، ئەم کۆمەڵکوژییەش تووڕەییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

مەسعود عەبدولخاق ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وتووە: "تورکیا لە دژی یەک هێز و جووڵانەوەی کوردی ئەم شەڕە ناکات، بەڵکوو ئەم شەڕە لە دژی هەموو خەڵکی کوردستانە و تەنانەت ئامادە نین ناوی هەرێمی کوردستانیش بهێنن و پێی دەڵێن زۆنگاو، واتا پیلانگێڕییەکەی دەوڵەتی تورک لە بنەڕەتدا لەسەر تەواوی کوردستانە نەک تەنها قەندیل."

لەبارەی بەیاننامەکەی حکوومەتی هەرێمیشەوە، کە دوو ڕۆژ دوای ڕووداوەکە بڵاوی کردەوە، مەسعود عەبدولخالق دەڵێت: پێشتر حکوومەتی هەرێم بەیاننامەی دەرنەدەکرد دەیوت نازانین کێ ئەو هێرشانە دەکات، لە کاتێکدا کە تورکیا خۆی دەیوت کە ئێمەین هێرش دەکەین، بەڵام ئەم جارە هەڵوێستی دەربڕی کە هەڵوێستێکی زۆر خراپ بوو، بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق زۆر باشتر بوو و نزیکتر بوو لە کوردایەتییەوە، من نازانم ئایا ئەو بەیاننامەیەی حکوومەتی هەرێم گوزارشت لە هەموو لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت دەکات یاخود نا.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی بەوە نەماوە کە حکوومەتی هەرێم بتوانێت سیادەی خاکەکەی بپارێزێت و دەشڵێت: هەرچەندە هێزی چەکداریشی لە زۆر وڵات زیاترە، بەڵام هێشتا ڕوویان لە بەغدایە کە خاکەکەیان بپارێزێت، بەڵام تورکیا ڕووبەرێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە و بە دڵی خۆی دەستێوەردان دەکات، داوای هاوکاری لە سەرۆک عەشیرەتەکان دەکات بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵ بکەن، بەڵام خۆشبەختانە سەرۆک عەشیرەتەکان ڕەتیان کردووەتەوە کە هاوکارییان بکەن.

لە کۆتاییی قسەکانیشیدا، مەسعود عەبدولخالق دەڵێت: تێکڕای خەڵکی کوردستان ئەوە دەزانێت کە تورکیا لە دژی یەک لایەن نەهاتووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە دژی هەموو خەڵکی کوردستانە، هەموو لایەنەکانیش پێویستە باش لەم مەبەستەی تورکیا تێبگەن، کەسیش ناتوانێت هاوکاریی خواستەکانی تورکیا بکات، چوونکە ناوی دەچێتە زبڵدانی مێژووەوە.

News Code 64716

Your Comment

You are replying to: .
captcha