موقته‌دا سه‌در ده‌ستبه‌رداربوونی خۆی له‌ سه‌رایا سه‌لام ڕاگه‌یاند

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سوپاس و ستایشی سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق ده‌کات له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌ له‌باره‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ ده‌ریکردوون و ده‌ستبه‌رداربوونی خۆیشی له‌ هێزه‌کانی سه‌رایا سه‌لام ڕاگه‌یاند.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 1ی ته‌مووزی 2019 موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له‌ توویتێکدا پشتیوانی له‌‌ فه‌رمانی ئه‌مدواییه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ده‌کات سه‌باره‌ت به‌ ڕێکخستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی و ڕای‌گه‌یاند: ئه‌و بڕیارانه‌ی سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ ده‌رچووه‌ کارێکی گرنگه‌ و یه‌که‌مین هه‌نگاوی دروسته‌ به‌ ئاراسته‌ی بونیادنانی وڵاتێکی به‌هێز.

موقته‌دا سه‌در نیگه‌رانیی خۆیشی نیشان دا له‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌کوو خۆی جێبه‌جێ نه‌کرێت و سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌کانی سه‌رایا سه‌لامی ڕه‌وتی سه‌در، ناوبراو به‌ فه‌رمی ده‌ستبه‌رداربوونی خۆی له‌و هێزانه‌ ڕاگه‌یاند و بڕیاری داخستنی سه‌رجه‌م باره‌گاکانی سه‌رایا سه‌لام و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ لایه‌نی ئه‌منیی فه‌رمی ده‌رکرد.

ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در داواشی کرد که‌ هیچ سته‌م و ناحه‌قییێک به‌رامبه‌ر هێزه‌کانی سه‌رایا سه‌لام نه‌کرێت و ده‌شخوازێت ئه‌و هێزانه‌ له‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌کان د ور نه‌خرێنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها موقته‌دا سه‌در له‌ کۆتاییدا سوپاس و ستایشی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق ده‌کات له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌ له‌باره‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ ده‌ریکردوون.

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 1ی 7ی 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی‌ عێراق فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان فه‌رمانێكی‌ دیوانیی‌ تایبه‌تی‌ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ كاره‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌ركرد و ڕای‌گه‌یاند یان ته‌نیا له‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ فه‌رمان وه‌ربگرن یان چه‌ک دابنێن و تێکه‌ڵ به‌ هێزه‌ سیاسییه‌کان ببن.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی سۆمه‌ریه‌ نیووز

هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=56812

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64695

Your Comment

You are replying to: .
captcha