کوردپرێس: سێ دەیە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتیی کورد لە باکووری عێراق هەوراز و نشیوی زۆری بەخۆوە بینیوە لەوان شەڕی دیکتاتۆری پێشووی عێراق، شەڕی ناوخۆیی و مایەپووچ بوونی ئابووری و گرژیی سیاسی. قەیرانی ئابووریی چەند ساڵی ڕابردوو کە دەستپێکی لە ساڵی 2014وە بوو هێشتاکە کاریگەریی لەسەر ئابووری لاوازی هەرێمی کوردستان ماوە. لە ساڵی 2018وە حکوومەتی نوێی بەغدا و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ئیرادە و هەوڵیان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان خستەگڕ کە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دۆخی ئابووریی خەڵک بووە. ئەم ئیرادەیە لە بوودجەی 2019ی عێراقدا بە ڕوونی دەرکەوت و بڕیار درا هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕادەست کردنی 250هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا مووچەی کارمەندان و هێزی پێشمەرگە لە حکوومەتی ناوەندیی عێراق وەربگرێت.
سەرەڕای پێبەند بوونی حکوومەتی ناوەندیی عێراق بە بەڵێنەکانیەوە لە قانوونی بوودجەی 2019 بەڵام هێشتا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە تەنانەت یەک بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات و ئەمەش نیگەرانییەکانی بۆ سەرهەڵدانەوە تەنگەژەکان زیاد کردووە. ئەم نیگەرانییە کاتێک جیدیتر بوویەوە کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا جەختی کردەوە کە هەولێر دەبێت پێبەندی بەڵێنەکانی ببێت و لە لایێکی دیکەوە حکوومەتی عێراق گوشاری زۆری لەلایەن پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانەوە لەسەرە بۆ گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان.
لەمبارەوە ئاژانسی کوردپرێس دیمانەیێکی لەگەڵ غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:
کوردپرێس: ژمارەیێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق کەوتوونەتە هەوڵ بۆ کۆتایی هێنان بە کەیسی نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، جەنابتان وەکوو پەرلەمانتارێک کێشەی نەوت بە چی دەبینن کە بۆ ماوەی چەند ساڵە چارەسەر نەکراوە؟
غالب محەمەد: بەپێی مادەی 111 و 112 دەستووری عێراق ئیدارەدانی نەوت موڵکی هەموو عێراقە و لە شوێنە ئقلیمییەکان دەبێت ئەم ئیدارەدانە بەشێوەی هاوبەش بێت بۆ نموونە لە هەرێمێک وەکوو هەرێمی کوردستان ئیدارەدانەکە دەبێت بە شێوەی هاوبەش بێت و لە ئەگەری دروست بوونی ناکۆکی ئەولەویت بە یاسای پارێزگاکانی دەرەوەی سیستەمی ویلایەتییە.
بەڵام لە 2002وە یەکەمین گرێبەستی نەوتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان بە بێ هیچ چاودێرییێکی حکوومەتی ناوەندی واژۆ کراوە و سوودەکەشی زیاتر لەوەی دەستی هاووڵاتییان بکەوێت دەستی کۆمپانیا نەوتییەکان کەوتووە. لە 2007وە نەوت دەرهێنراوە و فرۆشراوە لە 2007وە تا 2014 زیاتر لە 263 ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشراوە بەڵام ئەم داهاتە بە هیچ شێوەیێک دیار نییە نە لە مەوازنەی عێراقییا نە لە مەوازەنەی هەرێمی کوردستاندا نە لە مەوازەنەکانی تردا؛ بە هۆی ئەوەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کێشە دروست بووە لەسەر مەسەلەی نەوت وای لێهات کە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە مەوازەنەی عێراقدا بڕا، کە بوودجەی هەرێمی کوردستان بڕا لە مانگی 3ی 2014وە ئیتر مووچە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەهات.
بە دوای ئەوە هەرێمی کوردستان بیری لەوە کردەوە کە بە سەربەخۆیی نەوت بفرۆشێت کە ئەمە یەکێک لە هەڵەکانی هەرێمی کوردستان بوو چوونکە دوایی کە نەوتی بەسەربەخۆ فرۆشت نە ئەیتوانی مووچە دابین بکات نە ئەیتوانی پارەی نەوتەکەی شەفاف بکات.
لە 2014وە تا ئێستا یەک بەرمیل نەوت لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە تەسلیمی عێراق ناکرێت و ئەو مەوازەنانەی کە لە 2017 و 2018دا کرا هەمووی وابوو کە نەوت ئەفرۆشرا بەڵام داهات دیار نەبوو و هاووڵاتییان مووچەیان وەرنەدەگرد و هەرێم لە قەیرانێکی گەورەدا بوو.
ئەمساڵ ئێمە وەکوو ئەندام پەرلەمانەکان هاتین و فەقەرەی ج-مان ئیزافە کرد ئیزافە کرد بە قانوونی مەوازەنەی 2019لە مادەی 10 کە ئەو فەقەرە ئەڵێت: ئەگەر هاتوو 250 هەزار بەرمیلەکە تەسلیم نەکرا ئەوە پارەکە لەلایەن عێراقەوە ببڕێت لە بوودجەی هەرێمی کوردستان بەڵام مووچەی فەرمانبەران و هێزی ێشمەرگە بەردەوام بێت، بەڵام ئەمەش بەردەوام نابێت و تا 31ی 12ی 2019یە و بۆ 2020 یاسایێکی نوێ دەرئەچێت. ئێمە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین 250هەزار بەرمیل نەوتەکە تەسلیم بکات بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین بوودجەی تەواو بێنێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
کەیسی نەوت بە عام گەندەڵیێکی زۆر زۆری تیایە و سوودی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نەبووە واتا نەوت لە نێعمەتەوە بووەتە شتێکی خراپ لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، چواردەورامان هەموو سوودیان لە نەوتی وڵاتی خۆیان بینیوە بەڵام ئێمە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوودێکمان لەو نەوتە نەبینیوە.
کوردپرێس: پێشتریش هەندێک لایەن باسیان کردووە و ڕەخنەیان لە ناشەفاف بوونی پرسی نەوت لە هەرێم گرتووە بەڵام بەرپرسانی حکوومەت بەشێوەی فەرمی وەڵامیان داوەتەوە کە قەیرانی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێم کار دەکەن و هەروەها بوودجەی ناتەواوی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان هۆکاری کێشەکانە، ڕای ئێوە سەبارەت بەم وەڵامە چییە؟
غالب محەمەد: جیاوازیی ئەو عەقدانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی نەوت واژۆ دەکرێت ئەمەیە، لە عێراقدا ئەمساڵ 93 ترلیۆن دیناری عێراقی داهاتی نەوت بووە لەم 93 ترلیۆن دینارە 12ترلیۆنی سەرفی مەسرووفاتی نەوت و شەریکاتی نەوت بووە، ئەگەر حەسێبی کەین ڕێژەکەی ئەکاتە تەقریبەن 11% لە داهاتی نەوت واتا عێراق 11%ی داهاتی نەوتەکەی بۆ شەریکات و بۆ مەسرووفات و بۆ وەزارەتی نەوتە بەڵام بە پێچەوانە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە دیلۆت بڵاوی کردۆتەوە لە 3 مانگی ساڵی 2018 هەرێمی کوردستان 2 ملیار و 195 ملیۆن دۆلاری دەست کەوتووە بەڵام لە 2 ملیار و 195 ملیۆن دۆلارەکە تەقریبەن 1 ملیار و 200 ملیۆنی دیارە و باقی بووەتە مەسرووفات یەعنی بۆ نموونە 350 ملیۆن دۆلار لە تورکیا سەرف کراوە بە ناوی قەرز و بە ناوی شەریکات و شتانی تر یەعنی ئەگەر دراسەتی بکەین ئەوندەی مەحافێزەی هەولێری بردووە؛ ئەمە نابێت و بە هیچ جۆرێک قابیلی قبووڵ نییە واتا 50% داهاتی نەوت بە مەسرووفات ئەڕوات لە هەرێمی کوردستان کە ئەمە فەرقێکی زۆر زۆرە لەگەڵ ئەوەی عێراق. ئێمە هەموومان شارەزاین لە بورای نەوت و شتی وانییە و مومکین نییە لە سەدا 50ی داهاتی نەوت بڕوا بۆ مەسرووفات.
پێویستە ئاماژە بە بابەتێکی دیکە بکەم، لەو 12 تریلیۆنە کە بۆ کۆمپانیاکانی عێراق بە گشتی سەرف کراوە 12.6%ی بۆ هەرێمی کوردستان سەرف کراوە کە تەقریبەن 350 ملیار دینارە کە بدرێتە کۆمپانیاکان بەڵام چوون هەرێمی کوردستان نەوت تەسلیم ناکات ئەوانیش پارەکە نانێرن.
کوردپرێس: بڕیارە حەفتەی داهاتوو دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتای لەسەر ئەو قەیرانە بدات پێش بینیی ئێوە بۆ ئەنجامی بڕیارەکە و کاریگەریی لەسەر پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟
غالب محەمەد: خۆزگە دادگای فیدراڵی دادگاێیکی 100% قانوونی بوایا بەڵام بەداخەوە بەشێکی ئیشەکانی ئەم دادگا سیاسییە، یەعنی ئەم کەیسە دەبووایە زووتر یەکلایی ببوایێتەوە واتا لە 2017وە ئەم کەیسە لەبەردەستی دادگای فیدراڵیە بەڵام تا ئێستا یەکلای نەکردۆتەوە ئەوەش لەبەر ئەوەی کە ئەیهەوێت ڕێکەوتن هەبێت لە نێوان عێراق و هەرێمدا لەبەر ئەوەی کە دادگای فیدراڵی هەر قەرەرێک بدات ئیتر پاشگەز بوونەوەی نییە، بۆیە من پێم وایە ئەم حەفتەیش پرسەکە لەلایەن دادگاوە یەکلایی ناکرێتەوە دەخرێتە کاتێکی تر، هەتا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان بە تەواوێتی دەڵێت من 250هەزار بەرمیلەکە تەسلیم ناکەم ئەو کاتە مەحکەمە کەیسەکە دووبارە دێننە سەرەوە و بڕیاری لەسەر دەدەن.
بەڵام باستر وایە کە حکوومەتی هەرێم بۆ پاراستنی هەرێمەکە و بۆ پاراستنی ئابووری خۆی ئەو 250هەزار بەرمیلە تەسلیم بکات بۆ ئەوەی بوودجەی زیاتر بەرێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، ئەو پارەیە کە ئەبڕێت بەهۆی تەسلیم نەکردنی 250 هەزار بەرمیلەکە هەرێمی کوردستان بە فرۆشتنی ئەو بڕەنەوتە نیوەی دەست ناکەوێت.
کوردپرێس: ئاماژەتان بەم پرسە دا کە بوودجەی ئەمساڵ تا 31ی 12ی 2019 کاری پێدەکرێت ئەم مەترسییە لە ئارادایە کە بۆ ساڵی داهاتوو هەرێمی کوردستان تووشی کێشە ببێت و یاساکە بگۆڕدرێت؟
غالب محەمەد: بە تەئکید ئەم مترسییە هەیە، چوونکە ساڵی پێشوو تازە عیلاقاتی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا باش ئەبوو و هەروەها هەوڵ دەدرا کە مەلەفی تازە بەرامبەر یەکتر هەڵبدەینە و ئەندام پەرلەمانەکان ڕازی بوون بەوەی کە دەنگ بەو یاسا بدەن کە فەقەرەی جیمی تێدا بێت، بەڵام پێم وایە ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی کە حکوومەتی هەرێم نەیتوانییوە هەنگاوەکانی بنێتە پێشەوە وەکوو حکوومەتی عێراق چۆن مووچە ئەنێرێت ئەویش چەند هەنگاوێک بهاتایێتە پێشەوە و بەشێکی لەو نەوتەی تەسلیم بکردایێت کە ئەمەی نەکردووە و لە نێو پەرلەمانتارانی عێراقی و حزبە عێراقییەکان و شارعی عێراقیدا سیقەی نەماوە و ئەمەش ئەبێتە هۆکارێک بۆ ئەمەی کە ئەندام پەرلەمانەکان دەنگ نەدەن بە بەندی «ج» و ئەگەر دەنگ بەم فەقەرە نەدەن کارەسات درووست دەبێت چوونکە مووچە موقابیل نەوت ئەبێت کە نەوت تەسلیم نەکرێت یەک دینار لە عێراقەوە نایێتە هەرێمی کوردستان.
کوردپرێس: تا چ ڕادەیێک ڕادەست نەکردنی نەوتی هەرێم بە حکوومەتی ناوەندی پێوەندیی بە ململانێ حزبییەکانی نێوە هەرێمی کوردستانەوە هەیە؟
غالب محەمەد: لەم مەسەلەی نەوتە مەجمووعەیێکی کەم سوودمەند بووون بەتایبەتی لە نێو پارتی و یەکێتی کە داهاتی نەوت بۆ خۆیان بەکار ئەهێنن واتا بۆ بنەماڵەکان، بۆ کڕینی خەڵک، بۆ کڕینی ڕاوێژکاری ئەمریکی و ئەورووپی و بۆ کڕینی شەریکات لە تورکیا بەڵام هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە عام زەرەرمەند بووە لە مەسەلەی نەوتدا بەڵام ئەگەر نەوتەکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە تەسلیمی بەغدا بکرێت ئەو کاتە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە عام سوودمەند دەبن و ئەو بەشە کەمینە زەرەرمەند دەبن، بۆیەش کەمینەکە ڕێگری دەکەن لە سەرکەوتنی ئەم یاسایە جا ئایا ئەم شەڕە تا کەی درێژەی دەبێت و کێ براوە دەبێت لە داهاتوودا دەردەکەوێت.
دیمانە: حەسەن ساڵحی بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس
داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment