عادل عه‌بدولمه‌هدی: پێویسته‌ هه‌رێمی کوردستان پێبه‌ندی ده‌ستووری بودجه‌ بێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ته‌ئکید له‌سه‌ر دژایه‌تیی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگه‌ژه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: پێویسته‌ هه‌رێمی کوردستان پێبه‌ندی ده‌ستووری بودجه‌ ده‌رباره‌ی ڕاده‌ست‌کردنی نه‌وت به‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 25-6-2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ کۆنفڕانسی ڕۆژنامه‌ڤانی هه‌فتانه‌ی خۆیدا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ وڵاته‌که‌ی حه‌ز به‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگه‌ژه‌کان له‌ ناوچه‌که‌دا ناکات.

ناوبراو ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ عێراق پشتیوانی له‌ ڕێچاره‌ ئاشتییانه‌کان بۆ قه‌یرانی ناوچه‌که‌ ده‌کات و گوتیشی: پێویستمان به‌ نه‌خشه‌ڕێگایێک هه‌یه‌ بۆ ده‌ست پێکردنی دایالۆگ و ڕێگرتن له‌ ته‌نگه‌ژه‌کانی ناوچه‌که‌.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ پێویسته‌ هه‌رێمی کوردستان ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ست بکات.

عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌باره‌ی سه‌فانه‌ حه‌مدانی به‌ربژێری پۆستی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ که‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 24-6-2019 په‌رله‌مانی عێراق بۆ ئه‌و پۆسته‌ ڕه‌تی کرده‌وه، گوتی: سبه‌ی یاخود دوو سبه‌ی به‌ربژێری پۆستی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ پێشکه‌ش به‌ په‌رله‌مان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

هه‌ر له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌ڤانییه‌که‌دا عادل عه‌بدولمه‌هدی باسی چه‌ند پرسێکی دیکه‌شی یه‌کرد یه‌کێک له‌وانه‌ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی تاوه‌کوو ئێستا به‌ وه‌کاله‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برێن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: زۆربه‌ی پۆسته‌ سه‌ره‌کییه‌کان به‌وه‌کاله‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برێن و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ لیستی کاندیده‌ نوێکان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌ به‌ دوور له‌ سیسته‌می پشک پشکێنه‌ ده‌بێت.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان بۆ ڕاوه‌دوونانی چه‌کدارانی داعش کرده‌وه‌ و زیادی کرد: به‌پێی خشته‌یێکی زه‌مه‌نبه‌ندیی دیاریکراو به‌رنامه‌یێکمان بۆ په‌ره‌پێدانی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت داڕشتووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64581

Your Comment

You are replying to: .
captcha