به‌رهه‌م ساڵح و تێرێزا مه‌ی دواپێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌یان تاوتوێ کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆکوه‌زیرانی به‌ریتانیا کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ته‌ئکید له‌سه‌ر چڕکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کان بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ قه‌یرانی ناوچه‌که‌ و پێویستی به‌هێزکردنی هاریکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌کان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم کرایه‌وه‌.

کوردپرێس:

ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 25ی حوزه‌یرانی 2019 ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی سه‌فه‌رێکی چه‌ند ڕۆژه‌ گه‌یشتۆته‌ له‌نده‌ن پێته‌ختی به‌ریتانیا.

به‌رهه‌م ساڵح له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا له‌لایه‌ن تێریزا مه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ كه‌ له ‌ئێستادا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆسته‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ پێشوازیی لێكرا.

سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کان و فراوان کردنی ھاریکارییه‌کانی نێوان ھه‌ر دوو وڵاتی له‌ گشت بواره‌کاندا کرده‌وه‌ به ‌جۆرێک که‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ھاوبه‌شه‌کانی به‌غدا و له‌نده‌ن بکات، ھاوکات به‌ پێویستی زانی که‌ حکوومه‌تی به‌ریتانیا ڕۆڵی کاریگه‌ریی خۆی ببینێت له‌ که‌مکرنه‌وه‌ی گرژییه‌کان و سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌دا.

ھه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح ڕۆڵی به‌ریتانیای له‌ جه‌نگی دژی تیرۆر و به‌شداری به‌رده‌وامی له‌ پشتیوانی ھێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق و مه‌شق و پڕچه‌ککردنی به‌رز نرخاند، ھه‌روه‌ھا ھیوای خواست که‌ به‌ریتانیا به‌شدارییێکی زیاتر بکات له‌ پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و بونیادنانه‌وه‌ی عێراق به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ ڕزگارکراوه‌کاندا.

له‌لای خۆیه‌وه‌ تێریزا مه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا سیاسه‌تی عێراقی له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌که‌ و ڕۆڵی به‌رھه‌م ساڵحی له‌ به‌ھێزکردنی یه‌کڕیزیی نیشتمانی به‌رز نرخاند، ھاوکات پشتیوانیی وڵاته‌که‌ی بۆ گه‌ل و حکوومه‌تی عێراق ده‌ربڕی له‌ سه‌قامگیری و دووباره‌ ھه‌ڵساندنه‌وه‌ی عێراق.

ھه‌ر له میانی کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ دواپێشھاته‌کانی ناوچه‌که‌ کرا و جه‌خت له‌ چڕکردنه‌وه‌ی ھه‌وڵه‌کان کرایه‌وه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ھێورکردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ و کۆتایی ھێنان به‌ قه‌یرانه‌کان، ھه‌روه‌ھا ھه‌ردوولا تاوتوێی ئه‌و ھه‌وڵانه‌یان کرد که‌ خراونه‌ته‌ گه‌ڕ له‌ جه‌نگی تیرۆر و جه‌ختیشیان له‌ پێویستی به‌ھێزکردنی ھاریکاری و ھه‌ماھه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌کانی ناوچه‌که‌ کرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی که‌ دووچاری ئاسایش و ئارامی ناوچه‌که‌ و جیھان بووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64576

Your Comment

You are replying to: .
captcha