دەرکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی 3 ملیۆن کۆمپانیای ئەمەریکیدا کراوەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئیمزاكردنی یاداشتى لێكگه‌یشتنی نێوان ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى و یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان زۆر ستراتێژیکە و دەرکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی 3 ملیۆن کۆمپانیای ئەمەریکی کراوەتەوە.

کوردپرێس: ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 23/6/2019 به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندرۆ پیک جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ماتیۆ تیووله‌ر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ستیڤ لوتس جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌رۆكی یه‌كێتیی ژووره‌ بازرگانییه‌كانی عێراق و ژماره‌یێک له‌ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بزنسمان و خاوه‌ن كارانی بیانی و ناوخۆ، به‌بۆنه‌ى ئیمزاكرنی یاداشتى لێكگه‌یشتنی نێوان ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى و یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان كه‌ یەکشەممە واژۆ كرا بوو، به‌ڕێوه ‌چوو.

له‌ وتارێكدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و پیرۆزبایی كردن و ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ ئیمزاكردنی یاداشتی لێكگه‌یشتنى ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى و یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان، هیوای خواست به‌ خێرى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێته‌وه‌ و ببێته‌ هۆكارێک كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ک ده‌روازه‌یێک بۆ بازاڕى گه‌وره‌ى عێراقیش به‌كار بهێنرێت.

بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هاتنی شاندی ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكی له‌م قۆناغه‌دا نه‌ک ته‌نیا بۆ هه‌رێم، به‌ڵكوو بۆ عێراقیش گرنگیی خۆی هه‌یه‌ و نیشانه‌ى پشتیوانى و په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی درێژخایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كه‌ پێش ساڵی 1991‌ بۆ 2003، تا 2014 و تا ئه‌مڕۆ به‌ قۆناغى جیادا تێپه‌ڕیون و ئاشكرای كرد كه‌ به‌ چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ دۆستایه‌تى و هاوكارى و پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، هۆكارێكى سه‌ره‌كیى سه‌ركه‌وتن بوو كه‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تیى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى تیرۆر كرد و ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له‌ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا بینى و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌یه‌كه‌وه‌ به‌رگرییان له‌ به‌ها هاوبه‌شه‌كانی ژیان، سه‌رفرازی‌، ئازادى و دیموكراسى، فره‌ڕه‌نگى و ئاشته‌وایى، پێكه‌وه‌ژ‌یان و لێبورده‌یى، مرۆڤایه‌تی و جیهان كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ قوربانییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كانى ‌بیرهێنایه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ قۆناغی دوای شه‌ڕی داعش كرد و به‌ قۆناغی ئارامی و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانی و په‌ره‌پێدان و خزمه‌تگوزاری ناوزه‌د كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕۆڵی كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكاى له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌تی ناوخۆ و حكوومه‌ت گرنگ وه‌سف كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ پشتگیریی ئابوورى و بازرگانى، وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى ئه‌مه‌ریكا ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیری، هه‌روه‌ها سوپاسی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كانی بواری وزه‌ و بارزگانی و وه‌به‌رهێنانى‌ كرد كه‌ له‌ قۆناغی سه‌ختدا هه‌رێمی كوردستانیان جێنه‌هێشت و ڕایگه‌یاند كه‌ ڕۆڵی كاراتریان له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ هۆی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی گه‌لی ئه‌مه‌ریكی و گه‌لانی ناوچه‌كه‌‌.

دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی ئه‌و زه‌مینه‌ له‌باره‌ و ئه‌و ئاسانكاریانه‌ى‌ كرد كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاسا بۆ وه‌به‌رهێنان و بازرگانی هه‌یه‌‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ كه‌موكوڕى، لاوازى، ڕۆتین و به‌ربه‌ست، له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنان لابه‌رن و چاكسازیى یاسایى و كارگێڕى و به‌تایبه‌تى كارگێڕیى داراییان ئه‌نجام داوه‌ و ڕووبه‌ڕووى كارى نایاسایى و گه‌نده‌ڵى بوونه‌ته‌وه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هان ده‌ده‌ن تا له‌ڕووى یاسایى و شه‌فافیه‌ت و ئاسانكارییه‌وه‌، زه‌مینه‌ى له‌بارتر بۆ وه‌به‌رهێنان فه‌راهه‌م بكه‌ن، تا وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌ست به‌ دڵنیایى بكه‌ن كه‌ له‌ شوێنى دروست و له‌ ژینگه‌یه‌كى یاسایى و كارگێریى ته‌ندروستدا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا بارزانی ئاشكرای كرد كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق قۆناغێكى نوێى په‌یوه‌ندی ده‌ستپێكردووه‌‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و فیدراڵى، هه‌نگاوی تازه‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شییان ناوه‌‌ و هیوای خواست هه‌ردوولا وانه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرن، چونكه‌ هه‌وڵى جددى و دڵسۆزانه‌ له‌ هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان هه‌یه،‌ ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیى باشى هه‌ولێر و به‌غدا، ڕه‌نگدانه‌یه‌وه‌كى باشى له‌سه‌ر چالاكیى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، له‌ هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عێراق ده‌بێت.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ په‌ره‌پێدانى چالاكیى ئابوورى و بازرگانیی كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكی له‌ هه‌رێمى كوردستان،‌ ته‌نیا پرۆسه‌یه‌كى ئابوورى و بازرگانى نییه‌، به‌ڵكو به‌شدارى و هاوبه‌شییه‌كى كارایه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتانه‌وه‌ى ژیان و مرۆڤ له‌ وڵاتێكدا كه‌ ئازار و ده‌رده‌سه‌رى و كاره‌ساتى گه‌وره‌ى بینیوه، هاوبه‌شییه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئومێد بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان و‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شوێنه‌كانیان و ده‌بنه‌ هۆی دابینكردنی ده‌رفه‌تى كار و بنیاتنانى ژیانێكى تازه‌ بۆ كه‌سێك، خانه‌واده‌یه‌ك به‌تایبه‌تی كه‌ گه‌لى كوردستان به‌ سروشت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى كراوه‌یه‌ و حه‌زى له‌ بنیاتنانى پردى په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.

ناوبراو دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى ژووره‌كانى‌ بازرگانى و پیشه‌سازى و كه‌رتى تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن كار و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن، چونكه‌‌ بڕوایه‌كى ته‌واویان به‌ گرنگى و ڕۆڵ و كاریگه‌ریى كه‌رتى تایبه‌ت هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشبردنى بواره‌‌ جیاكان و دابینكردنى پێداویستیی وڵات، بێ كه‌رتى تایبه‌ت سه‌ركه‌وتوو نابێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌زموونى زیاتر له‌ 15 ساڵى ڕابردووى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕێنیشانده‌ره‌ و به‌ فێربوون له‌ ڕابردوو، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو باشتر ده‌كه‌ن و كه‌موكوڕى و به‌ربه‌سته‌كان لاده‌برێن و زه‌مینه‌ بۆ چالاكیى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، باشتر ده‌كرێت.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئیمزاكردنى یاداشتنامه‌كه‌ی نێوان ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى و یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستانی به‌ كارێكی گرنگ، هه‌نگاوێكى دروست و پێویست و ته‌واو له‌ كاتى خۆیدا وه‌سف كرد به‌تایبه‌تی كه‌ ژوورى بارزگانیى ئه‌مه‌ریكى گه‌وره‌ترین ڕێكخراوى بزنسى جیهانه و زیاتر له‌ 100 نووسینگه‌ى له‌ جیهان هه‌یه‌‌ و ده‌رگاى زیاتر له‌ سێ ملیۆن كۆمپانیاى ئه‌مه‌ریكى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كاته‌وه‌ و بازاڕێكى گه‌وره‌ بۆ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان دروست ده‌كات.

له‌ كۆتاییی وته‌كه‌یدا یان سوپاسی ئه‌وانه‌ی كرد كه‌ كاریان بۆ ئیمزاكردنی یاداشته‌كه‌ كردوه‌ و سوپاسی هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستانی كرد بۆ‌ تۆكمه‌كردنی په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریى هه‌رێم له‌گه‌ڵ جیهان و هیوای خواست له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق هه‌بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64543

Your Comment

You are replying to: .
captcha