به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌کره‌م ئیمام ئۆغڵۆ کاندیده‌که‌ی جه‌هه‌په پاش بردنه‌وه‌ی پۆستی شاره‌وانیی گه‌وره‌شاری ئه‌سته‌نبۆڵ له نێو ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵکی "بیلیک دۆز"دا وتارێکی پێشکه‌ش کرد و ڕایگه‌یاند: "من مرۆڤه‌کانی وڵاته‌که‌م خۆش ده‌وێت. ئه‌وه‌ی که چ که‌سێکن گرنگ نییه. شوناس و ئیتنیکیان گرنگ نییه. مرۆڤبوون به‌سه. ئێمه بۆ ڕێزدانان به مرۆڤایه‌تی، ڕێزدانان بۆ بیر و باوه‌ڕی منداڵان، گه‌نجان، ویژدانی گشتی و ژنان بۆ ئه‌م شاره هاتووین. داوه‌ریکردن له‌باره‌ی مرۆڤه‌کان وه‌لاوه بنێین، شێوازی ژیان، شێوازی باوه‌ڕ، چۆنێتیی پۆشینی جلوبه‌رگی که‌س په‌یوه‌ندیی به ئێمه‌وه نییه. ئێمه بۆ ڕێزدانان به باوه‌ڕه‌کانی ئه‌م شاره هاتووین. بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وین به مرۆڤه‌کان هاتووین. ئێمه بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی مه‌ولانا، یوونس ئێمره و حاجی بکتاش هاتووین. بۆ پێکه‌وه‌ژیانی عه‌له‌وی و سوننه‌کان، هه‌موان و هه‌موان بۆ ئێره هاتووین. چیتر که‌مینه له‌م شاره‌دا بێمانایه چوونکه ڕوومی، ئه‌رمه‌نی، سووریانی و جووله‌که له‌خۆ ده‌گرێته‌وه."
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه: "ئێمه له‌م شاره‌دا دیموکراسی جێگیر ده‌که‌ین. به‌ستێنی عه‌داله‌ت ده‌ڕه‌خسێنین. زمینهی داهاتوویێکی گه‌ش فه‌راهه‌م ده‌که‌ین. ئێمه به‌ره‌کانی داهاتوو په‌روه‌رده ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له هه‌ر کاتێکی‌تر گرنگی به بایه‌خه نیشتیمانییه‌کان بده‌ن، له هه‌ر شوێنێکدا پشتیوانی سه‌روه‌ری و پارچه‌پارچه نه‌بوونی وڵات بن و له هه‌ر بارودۆخێکدا له‌سه‌ر تورکیایێکی سه‌ربه‌خۆ قسه بکه‌ن و هاوکات بۆ داهاتووی تورکیا بیرۆکه‌ی ئازاد و ویژدانێکی ئازادیان بێت. به ئێوه به‌ڵێن ده‌ده‌م که نه خه‌یانه‌ت له ئێوه ده‌که‌م و نه خه‌یانه‌تیش قبووڵ ده‌که‌ین. به‌ڵێ من پڕۆژه‌م. پڕۆژه‌ی کۆماری تورکیا و ئاتاتورکم. سیاسه‌ت و ئه‌خلاق به‌یه‌که‌وه تێکه‌ڵ ده‌که‌ین. ئێوه ئه‌مڕۆ دیموکراسیتان بووژانده‌وه. ژیان بۆ ئه‌سته‌نبۆڵ. جوانترین وه‌ڵامتان به 6ی مه‌ی و ئه‌و مرۆڤانه دایه‌وه [ئاماژه به ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا]."
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment