هێمن هه‌ورامی: پارتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌که‌ی به‌ دوای به‌ربژێردا گه‌ڕاوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی ڕای‌گه‌یاند: "وه‌کوو حیزب پارتی دیموکراتی کوردستان غه‌دری لێده‌کرێت چوونکه‌ له ‌کۆی 19 وه‌زاره‌ت ته‌نیا 8 وه‌زاره‌تی بۆ پارتی ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌که‌یدا به‌ دوای به‌ربژێر گه‌ڕاوه‌".

کوردپرێس:

هێمن هه‌ورامی له‌باره‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌ وه‌زیر له‌ کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت به‌شدارن به‌ ڕووداوی گوت: "ئه‌وه‌ی تاوه‌کوو ئێستا یه‌کلا بووه‌ته‌وه‌ بریتین له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێکهاته‌ی تورکمان، پێکهاته‌ی کریستیان، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان که‌ له‌کۆی سێ وه‌زیری هه‌رێم یه‌کێک دراوه‌ به‌ تورکمان، یه‌کێک به‌ کریستیان و ئه‌وه‌ی دیکه‌ش بۆ پارتی ماوه‌ته‌وه."‌

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی شاندی سه‌رۆکوه‌زیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت گوتیشی: "به ‌گشتی 22 وه‌زیر و پۆستی وه‌زیر هه‌یه‌ (19 وه‌زاره‌ت و سێ وه‌زاره‌تی هه‌رێم)، یه‌کێتی پێنج وه‌زاره‌ت و وه‌زیرێکی هه‌رێم. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان 4 وه‌زاره‌ت و وه‌زیرێکی هه‌رێمی بردووه‌. وه‌زاره‌تێک درایه‌ کریستیانه‌کان، وه‌زاره‌تێکیش دراوه‌ته‌ سۆسیالیست واته‌ له‌ کۆی 19 وه‌زاره‌ت 8 وه‌زاره‌تی بۆ پارتی ماوه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌کوو حیزب پارتی غه‌دری لێده‌کرێت".

هێمن هه‌ورامی له‌باره‌ی به‌رکه‌وته‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ڕای‌گه‌یاند: "تاوه‌کوو ئێستا هیچ بڕیارێک نییه‌ وه‌زاره‌ت به‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان بدرێت. ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ حکوومه‌ت به‌شدار ده‌بن مه‌رج نییه‌ به‌شداربوونه‌که‌ ته‌نیا به‌ وه‌رگرتنی وه‌زیر بێت، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک پۆستی دیکه‌ی وه‌کوو ڕاوێژکار و وه‌کیلی وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و ده‌سته‌کانمان له‌به‌رده‌سته‌ بۆیه‌ به‌شداری سیاسی لایه‌نه‌کان له‌م پۆستانه‌، ئه‌وه‌ حاڵه‌تێکی دیکه‌یه‌".

ناوبراو ده‌شڵێت: "هیچ وه‌زاره‌تێک به‌ ناوی کاروباری به‌غدا نابێت چوونکه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ پێویستی به‌ گۆڕینی یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و یاسای وه‌زاره‌ته‌کان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌ میدیا باس ده‌کرێت له ‌باره‌ی وه‌زیری هه‌رێم بۆ کاروباری پێکهاته‌کان شتی وا نییه‌ به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی کابینه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ئه‌رکانه‌ی له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێیان ده‌سپێردرێت، ده‌کرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ڕابسپێردرێن".

هێمن هه‌ورامی زیادیشی کرد: "له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخستنه‌کانی پارتی بۆ خه‌ڵک گه‌ڕاوین، مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ وه‌زیر له ‌ناو پارتی بێت به‌ڵکوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتیش بێت ئاساییه‌ به‌ڵام بڕوای به‌ به‌رنامه‌ی کاری پارتی و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌که‌ی هه‌بێت چوونکه‌ ئه‌وه‌ی له‌ لای کاک مه‌سروور بارزانی گرنگ بووه‌ توانای ئه‌و که‌سه‌یه‌، خه‌ڵکانێکی پسپۆڕ که‌ بتوانن زیاده‌یه‌ک بۆ کاری حکوومه‌ت بکه‌ن نه‌ک ئه‌وه‌ی ئیشێکیان بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و دوای چوار ساڵ خانه‌نشین بن چوونکه‌ کاک مه‌سروور ئیشی لێیان ده‌وێت".

به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ 1ی ته‌ممووزی 2019 پشووی هاوینه‌ی په‌رله‌مان ده‌ست پێده‌کات، دوایین ڕۆژ که‌ له‌ به‌رده‌ستی په‌رله‌مانه‌ بۆ متمانه‌دان به ‌کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان 30ی حوزه‌یرانی 2019یه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ هێمن هه‌ورامی ده‌ڵێت: "تاوه‌کوو 27ی حوزه‌یران پارتی ناوی وه‌زیره‌کانی ئاماده ‌ده‌بێت. له ‌ناو وه‌زیره‌کانی پارتی وه‌زیری ئافره‌تی ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای که‌فائه‌ت نه‌ک ڕێژه‌. هه‌روه‌ها وه‌زیری دووباره‌ش هه‌یه‌. کاک مه‌سروور بارزانی سێ پێوه‌ری دڵسۆزی، توانا و پسپۆڕی بۆ ده‌ستنیشان کردنی وه‌زیره‌کان دانابوو. هه‌ڵبه‌ته‌ لایه‌نی جوگرافی بۆ دابه‌ش کردنی وه‌زیره‌کانیشی له‌به‌رچاو گرتووه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64523

Your Comment

You are replying to: .
captcha