یەکێتی: بەشداری کردنمان لە حکوومەتی نوێدا بەسراوە بە پرسی کەرکووکەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان باس له‌ پرسی به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێتی له ‌حكوومه‌تی هه‌رێم به‌بێ په‌سه‌ندكردنی ناوی كاندیدێكی یه‌كێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركووک ده‌كات.

کوردپرێس: ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای وتووە: ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌شداری له حکوومەتدا نه‌كات حکوومەتێکی سه‌رتاسه‌ری له ‌هه‌رێم دروست نابێت و ده‌بێته‌ حکوومەتی دوو پارێزگا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پارێزگای سلێمانیدا نابێت كه‌بڕواناكه‌م پارتی له‌به‌ر په‌سه‌ندكردنی ناوی كه‌سێک ئه‌مه‌ بكات".

لەسەرەتای وتوێژەکەدا ئارێز عەبدوڵا جەخت دەکاتەوە یەکێتی سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرسی بەستنەوەی بەشداری کردنی یەکێتی نێستمانی کوردستان بە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، لەو ڕوەوە وتی" ڕێککەوتنمان بۆ بەشداری کردن لە حکوومەت کۆتایی هاتووە، بەڵام بەدڵنیایی یەکیتی سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەوەی بەشداری کردنی لە حکوومەت پەیوەستە بەچارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و پەسەندکردنی ناوی یەکێک لەو کاندیدانەی کە ئێمە پێشکەشمان کردووە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەڵام بەبێ ڕەزامەندی پارتی لەسەر کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک و به‌شداری كردنی یه‌كێتی له‌ حکوومەتدا من پێم وابێت جگە لە جێ بەجێ کردنی بەرنامەی تایبەتی لایەنێک هیچ شتێکی تر نیە بۆیە یەکێتی سوورە و سووریش دەبێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە بەبێ پەسەندکردنی کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەشداری لە حکوومەتدا ناکات."

ناوبراو وتیشی: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێتی به‌شداری له‌ حکوومەتدا ناكات به‌بێ په‌سه‌ندكردنی ناوی یه‌كێک له ‌كاندیده‌كانی بۆ پۆستی پارزگاری کەرکووک، ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌ پێشتر بڕیار دراوه‌ كه‌ وابێت وه‌ سووریشین له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆمان".

پێشتر مه‌حموود محه‌مه‌د وته‌بێژی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای وتبوو: "كاک مه‌سعوود و كاک كۆسره‌ت" له‌سه‌ر فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ڕێككه‌وتبوون بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک به‌ڵام دواتر یه‌كێتی په‌شیمان بووه‌وه‌."

ئارێز عه‌بدوڵا ڕه‌تیكرده‌وه‌ كه‌ ڕێككه‌وتن له‌ نێوان مه‌سعوود بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ كرابێت له‌سه‌ر فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، له‌و ڕووه‌وه‌ وتی: "به‌هیچ جۆرێک ڕێككه‌وتنی له‌و شێوه‌یه‌ نه‌كراوه‌ له نێوان مه‌سعوود بارزانی و كۆسره‌ت ڕەسووڵ-دا. له‌سه‌ر فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕاسته‌ باسی لێكراوه‌ به‌ڵام ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ هه‌روه‌ک كۆسره‌ت ڕەسووڵ له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی خۆی باسی لێوه‌كردووه و ئێستاش ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ریه‌كێک له‌و كاندیدانه‌ی كه‌ پێشتر دیاری كراون بیبڕێنێته‌وه‌ و یه‌كلایی بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی و هیچ گرفتێكمان له‌و باره‌یه‌وه‌ نیه".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64439

Your Comment

You are replying to: .
captcha