بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی ڕازی، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە: کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لەنێوان مەهدی ڕەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و فەیسەڵ ئوراغلو، نوێنەری سەرۆکی تورکیا بۆ کاروباری ئاو بەڕێوەچووە.
ناوبراو باسی لەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری تەکنیکی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، باس لە ڕەوشی هاتنی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کرا بۆ عێراق و وتیشی: لایەنی عێراقی پابەندبوونی خۆی بەسیاسەتی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە دووپات کردەوە.
ڕازی ئاشکراشی کرد لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی تورکی بەڵێنی دا کە بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق زیاد بکات بۆ ئەوەی قەیرانی کەمیی تێپەڕێنێت.
Your Comment