عەلی حەمەساڵح: پارتی و یەكێتی ئاستەنگن لەبەردەم چاكسازیدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بڕینی زیاتر لە 10 هەزار مووچەی نایاسایی كارێكی باشە، بەڵام ئەوە جێبەجێكردنی هەموو یاسای چاكسازی نییە و پارتی و یەكێتیش تۆمەتبار دەكات بەوەی كە ئاستەنگن لەبەردەم جێبەجێكردنی یاساكە.

کوردپرێس:

دوای ئەوەی ڕۆژی دوشەممە، 4ی کانوونی دووهەمی 2021 وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بە فەرمانی وەزیری دارایی زیاتر لە 10 هەزار مەوچەی نایاسایی بڕدراون، ئەمشەو عەلی حەمەساڵح، لە لێدوانێكی ڤیدیۆییدا كە لەڕێگەی لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردۆتەوە رایگەیاند، ئەوە جێبەجێكردنی هەمو یاسای چاكسازی نییە.

بەبڕوای عەلی حەمەساڵح، ئاستەنگی گەورەو رێگریی هەن لەبەردەم جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیداو وتی"شتی گەورەتر هەیە كە لەماوەی شەش مانگی رابردودا نەك نەچوەتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڵكو هیچ كارێكیشی تیا نەكراوە."

ئاماژەی بەوەش داوە كە دۆسیەی شەهیدان، خانەنشینی، هێزە سەربازییەکان، خاڵە سنورییەکان، پاراسەوانیی کۆمپانیا نەوتییەکان، گرێبەستی نەوت، بۆڕی گواستنەوەی نەوت و گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار لەلایەن بانکێکی ئەهلییەوە تائێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ نەنراوە.

وتیشی: بۆنمونە لەکوردستان 240 هەزار موچەخۆری خانەنشینی هەیە کە "زۆرێکیان پارتی و یەکێتی بەنایاسایی دایانمەزراندون بەبێ ئەوەی رۆژێک دەوامیان کردبێت، 270 هەزار پێشمەرگە و 104 هەزار پۆلیس و ئاسایش فایلەکانیان رێکنەخراوەتەوە نازانرێت پێشمەرگە و پۆلیسی راستەقینە چەندن و ئەوانەشی "بندیوارن و دەوام ناکەن چەند کەسن".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو، "لەئیستادا لەدەروازە سنوورییەکان بەبەهای 170 ملیار دینار گەندەڵیان تێدا دەکرێت و نازانرێت پارەی بەشێک لە باج و گومرگ دەچێتە گیرفانی کێوە، هەروەها لەسەرجەم بابەتەکانی تایبەت بەنەوت هیچ هەنگاوێکی چاکسازی نەنراوە".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان جەختی كردەوە كە "پارتی و یەكێتی ئاستەنگن لەبەردەم جێبەجێكردنی یاساكەدا."

وتیشی"لای من دزی و گەندەڵی 500 هەزار دینار بێت یان دو ملیۆن دۆلار بێت هەر دزی و گەندەڵییە. من لەگەڵ ئەوەم ئەوەی مانگانە 500 هەزار دیناری بە نایاسایی هەیە دەبێت لێی ببڕدرێت بەڵام ئەی ئەوەی مانگانە 50 ملیۆن دۆلار بەقاچاخی لەم میللەتە دەدزێت، ئەوە لێی نەبڕدرێت؟"

بەبڕوای عەلی حەمەساڵح، رێككەوتن لەگەڵ عێراق زۆر باشەو ئەوان بەهەمو تواناوە پشتیوانی ئەكەن، بەڵام دو ساڵ یان سێ ساڵی تر هەر دەبێتەوە بە گرفت.

وتیشی"چارەسەری راستەقینە چاكسازیكردنە لەسەرجەم بوارەكاندا لە هەرێمی كوردستان كە چەندین ساڵە ئێمە دەیڵێینەوەو خۆیشیان بە یاسای چاكسازی دانیان بەوەدا نا كە ئەم گەندەڵیانە هەن، بەڵام تا ئەم ساتە ئامادەنین چاكی بكەن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە چارەسەر ئەوەیە، چاكسازییە لە خاڵە سنورییەكان و لە داهاتی باج و پێداچونەوەیە بە خەرجییە زۆرو زەوەندەكانی نەوتدا و وتیشی"دڵنیا بن بەم رێگایانە كە جێبەجیكردنی یاسای چاكسازییە وەك خۆی، ئەگەر لەگەڵ عێراقیش نەگەینە رێككەوتن، ئەوا موچەی فەرمانبەران چارەسەر دەبێت."

لەكۆتاییشدا جەختی كردەوە كە "یاسای چاكسازی بەتەواوەتی نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە."

News Code 641

Your Comment

You are replying to: .
captcha