کوردپرێس:
بهپێی راگەیەندراوی ناوەندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئهمڕۆ یهکشهممه به بهشداری زیاتر له 50 ههزار ئەندام و لایەنگرانی پارتەکە و 400 رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و 100 نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆشنبیران و هاوڵاتیان، کۆنگرهی پێنجهمی ههدهپه دەستی بەکارەکانی کرد.
لەکۆنگرەکەدا کە بە دروشمی "ئێمه چارهسهرین" بۆ بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراتیی بەڕێوەچوو، هەریەک لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار بە هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردرانەوە.
لە کۆنگرەکەدا پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە گوتارێکی پێشکێش کرد و لەبارەی چارەسەر کردنی پرسی کورد گوتی: "پەرلەمان شوێنی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە. جەخت لەسەر خەباتی هاوبەش دەکەینەوە لە دژی ئاکەپە کە رۆژ لە دوای رۆژ وڵات زیاتر بەرەو دواوە دەبات. سەردەمی ئەو سیاسەتە کۆتایی هات کە کێشەکان چارەسەرناکات، ئیدی سەردەمی هەدەپە دەستپێدەکات".
هاوکات، میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە گوتارێکی پێشکەش کرد و چەند پەیامێکی بە لایەنە جیاوازەکان دا. سانجار لە بابەتی هەڵبژاردنی بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کە بڕیارە حوزەیرانی 2023 بەڕێوەبچێت، گوتی، "ئێمە لە بیرۆکەی دەستنیشانکردنی بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماردا کراوەین، بەجۆرێک دیدارەکان بە شێوەیەکی روون و بە ئاگاداریی خەڵک بەڕێوەبچن. ئەگەر ئەم بانگەوازەمان بێوەڵام بمێنێتەوە، ئاساییترین مافی خۆمان بەکاردەهێنین کە بەشداریکردنمانە بە بەربژێری خۆمان. ئامانجمان ئەوەیە لانیکەم بەربژێرەکەمان بچێتە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکە".
Your Comment